گوشارەکان بۆ سەر داعش لە حەویجە زیاتر دەبن

 گوشارەکان بۆ سەر داعش لە حەویجە زیاتر دەبن
تادێت گوشارەکان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک تووندتر دەبن و لە چەند لایەکەوە داعش گەمارۆدراوە، هێزەکانی پێشمەرگەش بەشداری کۆنترۆڵکردنەوەی قەزاكە دەکەن.

حەویجە ناوچەیەکی گرنگە، هەرسێ پارێزگای کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەددین بەیەکەوە دەبەستێتەوە. سوپای عێراق لە باکووری پارێزگای سەڵاحەدین لە قەزای بێجی و ناحیەی تەل باج-ەوە بەرەو ناحیەی گەیارە پێشڕەوی کردووە، بنکەی سەربازی و دەوروبەری گەیارەی کۆنترۆڵکردووەتەوە، بە کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شارۆچکەی گەیارەش لە باشووری پارێزگای نەینەوا و قەزای شەرگات لە باکووری سەڵاحەدین، ئەوا بەتەواوی قەزای حەویجە دادەبڕێت و چەكدارانی داعش بەتەواوی گەمارۆ دەدرێن.

پێشمەرگە، لە نزیک حەویجە لە باشووری کەرکووک و باشووری رۆژئاوای کەرکووک سەنگەریان گرتووە، چەندینجار بەرپرسانی پێشمەرگە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە ئامادە نیین یەکلایەنە شەڕی حەویجە بکەن و، چاوەڕێی هێزەکانی عێراق دەکەن.

وەستا رەسوڵ، بەرپرسی میحوەری چواری کەرکووک گوتی "پێشمەرگە پلان و بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە، بەدڵنییاوە بەشداری لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە دەکات، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان، ئێستا حەویجە گەمارۆدراوە و داعش تەنیا یەک رێگەی بەدەستەوە ماوە".

تاوەکو داعش لە حەویجە مابێت، هەڕەشە بۆ سەر کەرکووک تەواو نابێت، بۆیە بەرپرسانی پێشمەگەر مانەوەی داعش بە مەترسی دەزانن و جەخت لەوە دەکەنەوە بە کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە مەتریی بۆ سەر شاری کەرکووک بەتەواوی نامێنێت.

حەویجە بەدووری 55 کم دەكەوێتە باشووی رۆژئاوای کەرکووک، لە نێوەڕاستی ساڵی 2014 کەوتووەتە دەست داعش، لەوێوەوە چەندینجار هێرشکراوەتە سەر کەرکووک و سەرجەم هێرشەکانیش لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێندراون.

وەسفی عاسی، فەرماندە هێزی رزگارکردنی حەویجە جەختی لەوە کردووەتەوە، بەم نزیکانە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە بە بەشداری هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عێراق، پۆلیس، حەشدی شەعبی و رۆڵەکانی ناوچەکە دەستپێدەکات.

فەرماندە هێزی رزگارکردنی حەویجە دەڵێت زیاتر لە 5 هەزار کەسی حەویجە لەلایەن داعشەوە شەهید و زیندانیکراون و، 25 هەزار خێزانی قەزاکەش ئاوارەبوونە، هاوکات کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە، بە هەڵگیرساندنی پریشکی گەورەی ئاگری کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ دەزانێت.




رووداو-
Top