جبوری باڵاترین پۆستی ئیداری پەرلەمانی عیراق لەكورد وەردەگرێتەوە

جبوری باڵاترین پۆستی ئیداری پەرلەمانی عیراق لەكورد وەردەگرێتەوە
سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بریاری گۆڕین‌و خانەنشینكردنی ئەمینداری گشتی پەرلەمان دەردەكات لەپشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەش ناڕەزایی توندی ئەو حزبەكەی لێدەكەوێتەوە‌و بۆ نیشاندانی هەڵوێستی خۆیان چاوەڕوانی بڕیاری سەركردایەتییان دەكەن.

ئەمنیداری گشتی پەرلەمانی عێراق، باڵاترین پۆستی ئیداریە لەپەرلەمان‌و لەساڵی 2012وە بەوەكالەت لەلایەن ئەیاد نامیق-وە بەرێوەدەبرێت لەپشكی پارتی، ئەمڕۆ یەكشەممە بەبڕیاری جبوری خانەنشینكراوە.

ئەیاد نامیق راگەیاند كە تانە لەبڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەدات، چونكە "هیچ بیانویەك بۆ لابردنم نیە".

بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان وەكو ئاماژەی پێكراوە، پاڵپشت بە بریاری پەرلەمانی 11/8/2015دا دەرچووە، تێیدا باسی لەچاكسازی كردووە لەناو پەرلەمان.

ئەیاد نامیق وتی "باشە بۆچی لەوكاتەوە ئەو بڕیارە نەدراوە، ئەگەر ئەمە چاكسازیەو ئەو دەیەوێت چاكسازی بكات با پۆستی من بخاتە دەنگدانەوە لەناو پەرلەمان".

پۆستی ئەمینداری گشتی پەرلەمان سەرپەرشتی نۆ بەرێوەبەرایەتی پەرلەمان دەكات، هەر سێ بەشی دائیرەی گرێبەست و ئەمن و چاودێری دارایی بەو پۆستەوە بەستراوەتەوە، سەرپەرشتیارە بەسەر 2500 فەرمانبەری رەسمی و گرێبەستەوە.

ئەیاد نامیق دەڵێت "هیچ دۆسیەیەكی گەندەڵیم نەبوەو هیچ شتێكم لەسەر نەكەوتووە، یان ئیدارەم خراپ بەكار هێنابێت، بۆیە نازانێت چ ئەجێندایەك لە پشت لادانی منەوەیە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، وەكو ئەیاد باسیدەكات 140 ئەندامی پەرلەمان واژۆیان كردوە بۆ ئەوەی پۆستەكەی بكرێتە رەسمی‌و بەوەكالەت نەمێنێت.

ئەو وتی "پێگەی كورد رۆژ دوای رۆژ لاواز دەبێت لەبەغدا، بەجۆرێك كە ناتوانین پۆستەكانی خۆشمان بپارێزین".

ئەمینداری گشتی پەرلەمانی عێراق پلەی وەزیری هەیە، دوو جێگری سونەو شیعەی هەیە كە پلەكانیان بریكاری وەزیرن.

پارتی دیموكراتی كورستان، خاوەنی 28 كورسیە لەپەرلەمانی عیراق‌و ئەو پۆستەی ئێستا لێی وەرگیراوەتەوە، باڵاترین پۆست بووە بەدەست ئەو حزبەوە لەو دەزگایە، ئەوەش دوای بزووتنەوەی گۆڕان كە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بەرێوەدەبات.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی راگەیاند كە تاوتوێی ئەو بابەتەیان كردووە‌و دوو ئەگەر هەیە، یان ئەو كەسە لەپۆستەكەی دەمێنێتەوە یاخوود خۆیان كەسێكی دیكەی بۆ دیاریدەكەن.

ئەوەشی وت "ئەوە یەكلابۆتەوە ئەو پۆستە هی كوردەو لەناو كوردەكانیش پشكی پارتیە، بۆیە فراكسیۆنی پارتی ئەو بابەتەی خەستۆتە بەردەم سەركردایەتی حزب‌و چاوەرێی حزبین تا بڕیارێكی لەبارەوە بدات".

پێشتریش لەچوارچێوەی پرۆژەكانی چاكسازیدا لەناو حكومەت، كورد چەند پۆستێكی باڵای لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەدەستدا لەنێویاندا، جێگری سەرۆكی حكومەت كە لەلایەن پارتیەوە پڕكرابووەوە.

ئینتسار جبوری، ئەندامی كوتلەی موتەحیدون لەپەرلەمانی عیراق رونیكردەوە، بڕیاری گۆڕینی ئەمینداری گشتی پەرلەمان، لەچوارچێوەی چاكسازیەكانی پەرلەماندا بووە.

ئەیاد نامیق مەجید، ساڵی 1992 بووەتە ئەندامی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان‌و ساڵی 2006 بۆتە راوێژكاری راگەیاندن و پەیوەندیەكان لەپەرلەمانی عێراق، لەساڵی 2012یشەوە پۆستی ئەمنیداری گشتی پەرلەمانی عێراقی وەرگرتووە بەوەكالەت تاوەكو ئەمڕۆ یەكشەممە، كە بڕیاری خانەنشینكردنی دەركراوە.




خەندان-
Top