سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا سەردانی عێراق دەکات
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی رایگەیاندووە، کە لە کۆ بوونەوەیدا لەگەڵ ژەنەڕال جۆزێڤ دەنفۆرد، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، پەیوەندیی و هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە.
هەروەک ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردووەتەوە، رۆژی یەکشەممە 31ـی تەمموزی 2016، ژەنەڕال جۆزێڤ دەنفۆرد بە سەردانێک گەیشتە عێراق.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆ بوونەوەکەدا، حەیدەر عەبادی و سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا تاوتوێی دوایین پێشهات و ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ، کردووە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
باسنيوز
