لە گرتووخانەكانی عێراقدا، دەستدرێژیی دەكرێتە سەر منداڵ
رێكخراوی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ)، لە ڕاپۆرتێكدا رایگەیاندووە كە حكوومەتی عێراق بە تۆمەتی تیرۆر، هەزاران منداڵی دەستگیر كردوون و ئەشكەنجەی داون، بە شێوەیەكی ڕەمەكی دەستگیری كردوون.
لەمبارەیەوە (د.ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "منداڵی عێراقی بووەتە قوربانیی نەبوونی ستراتیژیەتێكی روون لە عێراق بۆ پەروەردەكردنی منداڵ و خزمەتكردنی، دەستووریش سەرجەم مافەكانی منداڵی دیاری كردووە، بەڵام حكوومەت نەیتوانیوە جێبەجێی بكات."
وەک ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، تاوانی كۆمەڵگای عێراقە منداڵ باوك و كەسوكاری نەبوو ئیتر بەرپرسە لە بەخێوكردنی خێزانەكەی؛ ئەو منداڵە ناچار دەبێ بچێتە شەقامەكان و تووشی زۆر كاری خراپ و كەسی خراپ دەبێت. دواجار بە هۆی کار و کردەوە خراپەکانییەوە کە لەسەر شەقامەکانەوە دووچاری دەبێ، دەستگیریش دەکرێ.
(د.ئەشواق جاف) ئاشكرای كرد: "بابەتەكە تەنها ئەشكەنجەدانی منداڵان نییە لە گۆتووخانەكانی عێراقدا، بەڵكو منداڵان لە گرتووخانەكاندا كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت و دەستدرێژیی سێكسیان دەكرێتەسەر. زۆر سكاڵامان پێوەست بەم بابەتە بەدەست گەیشتووە و لێكۆڵینەوەشمان لەگەڵ بەندكراو و كارمەندان و بەڕێوبەری گرتووخانەكاندا كردووە، بەڵام نەمانتوانیوە بەڵگەی تەواو بەدەست بێنین، نەمانتوانی ئەم تاوانە بسەلمێنین چونكە كەس نەبوو ددان بەو تاوانەدا بنێت، کەسیش نەبوو ددان بەوەدا بنێت كە ئەم تاوانەی بەرانبەر كراوە."
(جاف) دەڵێ: "بەگوێرەی راپۆرتە ناوخۆییەكان بێت، 500 هەزار منداڵی عێراقی لە خوێندن بێبەشن، ئێمە وای بۆدەچین كە لێرەشدا رێژەكە زۆر زۆر زیاتر بێت. كەوایە منداڵی عێراقی بچووكترین مافیشی بۆ دابین نەكراوە."
KDP
