پارێزگاری پێشووی نەینەوا وادەی شەڕی موسڵی دیاریكرد

پارێزگاری پێشووی نەینەوا وادەی شەڕی موسڵی دیاریكرد
ئەسیل نوجێفی، پارێزگای پێشووی نەینەوا وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵی دیاریكرد. لەبارەی بەشداریكردنی حەشدی شەعبیش گوتی"بەهۆی ئەوەی موسڵ لە سێ لاوە لەلایەن پێشمەرگە گەماردراوە و هەماهەنگیشیان لەگەڵ هاوپەیمانان نییە، بەشداری شەڕەكە ناكەن".

ئێوارەی رۆژی شەممە 30-7-2016 ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و سەرپەرشتیاری حەشدی نیشتمانی وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵی ئاشکراكرد.

نوجێفی رایگەیاند :سەرەتای وەرزی پایزی ئەمساڵ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەستپێدەکات، ئەمە پێشبینییەشم لەسەر بنەمای ئامادەكاری ھێزەکانە بەسەرپەرشتی ھاوپەیمانان".

لەگەڵ وروژاندنی دەستپێكردنی شەڕی موسڵ باسی لێشاوی ئاوارەكان دەكرێت، لەمبارەیەوە نوجێفی گوتی "ھیچ ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاوارەکان نەکراوە، بۆیە ئامۆژگاری خەڵکی موسڵ دەکەم لە ماڵەکانی خۆیان بن و بەشداری ئازادکردنی شارەکە بکەن".

پارێزگاری پێشووی موسڵ كە هاوكات سەرپەرشتیاری حەشدی نیشتمانییە، روونیكردەوە "پلانی سەربازی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ سەرەتا بە گەمارۆدانی شارەکە و پاشان ئازادکردنی شارەکە لە لایەن خەڵکەوە دەبێت، ئەگەر ئەو پلانەش سەرینەگرت، دەکرێت بەشێوەیەکی دیکە لە ئاسمانە داعش بۆردوومان بکرێت و ھێرشی زەمینی بکرێتە سەر شارەکە، بەمەش موسڵ لە وێرانبوون دەپارێزرێت".

سەبارەت بە لێدوانەکانی ھادی عامری، سەرکردەی دیاری حەشدی شەعبی و ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر راگەیاندبوو حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ دەکات، نوجێفی دەڵێت"حەشدی شەعبی لەبەر دوو ھۆکار بەشداری ئازادکردنی موسڵ ناكات".

وەك نوجێفی باسیكرد، هۆكارەكان بریتین لە، یەکەم: ئەوان مامەڵە لەگەڵ ھاوپەیمانان ناکەن و ھاوپەیمانیش سەرپەرشتی شەڕەکە دەکەن.

دووەم: دووری حەشدی شەعبی لە موسڵ، ئەوان سەدان کیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورن و ناتوان ھاوکاریی سەربازی بگەیێننە ئەو بەرەیەی ئەوان بۆی دەچن، چونکە موسڵ لە سێ لایەوە لەلایەن ھێزی پێشمەرگە گەمارۆدراوە و تەنیا یەک لای لەلایەن سوپای عێراقەوە گەمارۆدراوە.



رووداو-
Top