وەزیری بەرگریی عێراق: هیچ کێشە و ناکۆکییەکمان لەگەڵ پێشمەرگە نییە

 وەزیری بەرگریی عێراق: هیچ کێشە و ناکۆکییەکمان لەگەڵ پێشمەرگە نییە
خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق رەتیکردەوە هیچ ناکۆکی و کێشەکیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە هەبێت و راشیگەیاند، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی عێراقی تەواوی خاکی عێراق کۆنترۆڵ دەکەنەوە و بە هەوڵ و کۆششی هەموو لایەکیش بەم نزیکانە مژدەی سەرکەوتنی رزگارکردنی موسڵ رادەگەیێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، لەسەر داوای ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق رێگەی بە شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە نەدرا، بەشداری لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بکەن، کە لە واشنتن بەڕێوەچوو.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند "تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەبارەی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا لەگەڵ حکومەتی عێراق نەکراوە، هەر کاتێک ئەو پرسە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، هەڵوێستی خۆمان بە روون و ئاشکرا دەخەینەڕوو".

جەبار یاوەر جەختدەكاتەوە، پێویستە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، رێککەوتن لەسەر ئایندە و بەڕێوەبردنی موسڵ بکرێت.

جەبار یاوەر دەڵێت، تاوەکو ئێستا پێشمەرگە بەرنامەی چوونە نێو موسڵی نییە، ئەگەر بە رێککەوتنیش پێشمەرگە بچێتە نێو شارەکە و بەشداری لە کۆنترۆڵکردنەوەی بکات، ئەوا پێشمەرگە لەنێو شارەکە نامێنێتەوە و بەجێیدەهێڵێت.

بەپێی راگەیێندراوێکی وەزیری بەرگریی عێراق، خالید عوبەیدی رایگەیاندووە، هێزی پێویست ئامادەیە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و رێگە بە بەشدارییکردنی هیچ هێزێکی بیانی نادرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ بەشدارییکردنی هێزەکانی سوپای ئەمریکا.

لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ناڕەزایی بوونی عەرەبی سوننە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەشدارییکردنیان لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، بەڵام وەزیری بەرگریی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هادی عامری، ئەمنیداری گشتی رێکخراوی بەدر پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و ئامادەکارییەکان تاووتوێدەکات، هاوکات ستایشی "رۆڵی حەشدی شەعبی دەکات و بە "پاڵەوان" وەسفیان دەکات.

هەفتەی رابردوو بەبڕیارێکی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، حەشدی شەعبی هاوتای سوپای عێراقی کرا و، وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ ناسێندرا و بووە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق.

ئەو بڕیارەی عەبادی تاڕادەیەکی زۆر بەشدارییکردنی حەشدی شەعبی لە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ یەکلاکردەوە، ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی دەنگ بەشدارییکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رەتکردەوە.




رووداو-
Top