پەرلەمان دەنگ لەسەر یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس دەدات
رۆژی شەممە 30ـی تەمموزی 2016، پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ژمارە حەوتی خولی یەکەمی ساڵی یاسادانانی سێیەم ساز دەکات و کار لەسەر ژمارەیەک پرۆژە یاسا دەکرێت.
یەکێک لەو یاسایانەی بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت، یاسای دژە تیرۆر، وێڕای چەسپاندنی مافی گەلی تورکمان بە ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەک، جگە لە گفتگوۆیەکی کراوە سەبارەت بەو ئەگەرانەی لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ دێنە پێش.
هەروەک لە کارنامەی دانیشتنەکەدا هاتووە، پەرلەمانتاران دەنگ لەسەر یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس و کیان و رێکخراوەکانی و هەموو ”حزب و رێکخراوە نەژادپەرستی، تیرۆریستی و تەکفیرییەکان“ دەدەن.
تەوەرەکانی دیکەی دانیشتنەکە، هەروەک لە کارنامەی ئەمڕۆی پەرەماندا هاتووە:
- دەنگدان لەسەر دادوەرانی دەستەی تێهەڵچوونە لە تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری.
- دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازیی گیراوەکان.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای کۆمپانیاکان ژمارە 21ـی ساڵی 1997ی هەموارکراو.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای چوونە پاڵی کۆماری عێراق بۆ رێککەوتننامەی کاری دەریایی جیهانی لە ساڵی 2006 و چوونە پاڵی عێراق بۆ رێککەوتنی ناسنامە و بەڵگەنامەی دەریاوانیی جیهانیی ژمارە 185 ساڵی 2003.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای تانەدان لە بەرژەوەندیی یاسا و حوکم و بڕیارەکانی تایبەت بە خاوەندارێتیی خانوبەرە.
- پێشکەشکردنی راپۆرتێک و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای هەموارکردنی دووەمی یاسای پاسەوانی شەوانەی ژمارە 8ـی ساڵی 2000.
- پێشکەشکردنی راپۆرتێک و گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای هەموارکردنی دووەمی یاسای وەبەرهێنانی تایبەت بە پاڵاوتنی نەوتی خاوی ژمارە 64ـی ساڵی 2007.
- پێشکەشکردنی راپۆرتێک و گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای وەکالەی بازرگانیی ژمارە 51ـی ساڵی 2000.
- پێشکەشکردنی راپۆرتێک و گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای پاراستنی بەڵگەنامەکان و پرۆژە یاسای ئامار.
