عێراق:گرێبەستی نوێی بۆ دابینکردنی مادە خۆراکییەکان ئیمزاکراوە

عێراق:گرێبەستی نوێی بۆ دابینکردنی مادە خۆراکییەکان ئیمزاکراوە
وەزارەتی بازرگانی عێراق سێ گرێبەستی نوێی ئیمزاکردووە بۆ دابینکردنی مادە خۆراکییەکان کە لەڕیگەی فۆڕمی خۆراکەوە مانگانە بە سەر هاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت.

سەلمان جومەیلی وەزیری بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ ٢٩ی تەموزی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، لیژنەی بەرپرس لە گرێبەستی ناوەندی لە وەزارەت سێ گرێبەستی نوێی ئیمزاکردووە، بۆ دابینکردنی شەکرو ڕۆنی زەیت و برنج لە سەرچاوەی ناوخۆیی و جیهانییەوە.

هاوکات فەرمان هەیە بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستی نوێ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی فۆڕمی خۆراک و چارەسەرکردنی ئەو کەموکورتییانەی کە بەهۆی ئیمزانەکردنی گرێبەستەکانەوە لەماوەی ڕابردوودا هاتوونەتە پێشەوە.

جومەیلی وتی "وەزارەتەکەیان کۆمەڵێک کێشەی چارەسەرکردووە کە دەهاتنە بەردەم ئیمزاکردنی گرێبەستە یاساییەکان و ڕووکردنە چەند دەوڵەتانی جیاجیا بۆ ئەوەی بە پەلە هەردوو مادەی برنج و ڕۆنی زەیت دابینبکرێت بەشێوەیەکی بەردەوام و ڕێکخراو بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆیی پڕبکاتەوە".

کێشەی دابەشکردن و گەیاندنی مادە خۆراکییەکانی ناو فۆڕمی خۆراک تا ئێستا بەردەوامە و وەک پێویست و لە کاتی خۆیدا مادە خۆراکییە بنەڕەتییەکان ناگاتە دەستی هاووڵاتیان، کە پێشتر وەزارەتی بازرگانی هۆکاری ئەو بابەتەکەی دەگێرایەوە بۆ نەبوونی بودجەی پێویست بۆ ئەو بوارە.
Top