كاژێر سفری كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شه‌رگات دیاریكرا
مه‌شعان جبووری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق راگه‌یاند، له‌ڕووی تاكتیكی سه‌ربازییه‌وه، گه‌مارۆدانی شه‌رگات و پچڕاندنی هێڵی په‌یوه‌ندی نێوان موسڵ و حه‌ویجه و شه‌رگات داعشی تووشی شڵه‌ژان كردووه.
جبووری ئاماژه‌ی به‌وەشكرد، له‌ڕووی مرۆییه‌وه، حكومه‌ت ره‌چاوی ژیانی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی نه‌كردووه له‌و شارۆچكه‌یه گیریان خوارده‌وه و تاوه‌كو ئێستا نه‌یانتوانیوه له‌ده‌ستی داعش ده‌ربازیان بێت.
مه‌شعان جبووری، كە له ده‌ورووبه‌ری شه‌رگات قسەی كرد، گوتیشی "21 رۆژه ئه‌و شارۆچكه‌یه گه‌مارۆ دراوه، رۆژانه له‌نێوان دوو بۆ سێ هه‌زار كه‌س له‌ژێر ده‌ستی داعش هه‌ڵدێن، تاوه‌كو ئێستاش هیچ پێداویستییه‌كیان بۆ دابین نه‌كراوه و ته‌نانه‌ت شوێنی حه‌وانه‌وه‌شیان بۆ ته‌رخان نه‌كراوه".
جبووری ره‌خنه‌ی له‌پلانه‌كانی حكومه‌ت گرت، به‌وه‌ی ئاماده‌سازی بۆ له‌خۆ گرتنی ئاواره‌كان و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان نه‌كردووه و دەڵێت "حكومەت سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌سنوورداركردنی زیانه مرۆییه‌كان. جگه له‌شه‌رگات باشووری موسڵ به‌هۆی بێئاوی ده‌ناڵێنێت، ته‌نانه‌ت حه‌ویجه‌ش ئێستا له كاره‌ساتێكی مرۆییدایه".
له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عێراق دووپاتیكرده‌وه "كاژێری سفر دیاریكراوه، ئه‌رك و ئامانجه‌كانیش كۆتایی هاتووه و له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو ئۆپه‌راسیۆنه‌كان یه‌كلایی ده‌بنه‌وه".
جبوور داواشی له‌په‌رله‌مانتارانی عێراق كرد ده‌ستبه‌رداری كۆبوونه‌وه و ئیشوكاره‌كانیان بن، و سه‌ردانی ناوچه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه هاریكاری پێشكه‌ش به‌هاووڵاتیان بكه‌ن.
رووداو -
