پەرلەمانی عێراق دواکەوتنی پارەی گەنمی جووتیاران تاوتوێ دەکات
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: لە پەرلەمانی عێراقدا ئەمڕۆ نوێنەرانی کورد جارێکی دیکە داکۆکی لە مافی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە".
ئەو ئەندامە کوردەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: "حکومەتی عێراق بەردەوام پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە، کە پارەی پێویستی لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە جگە لەمە هۆکاری سیاسیش لە پشت دواکەوتنی پارەی گەنمی جوتیارانە".
لەبارەی دەنگدان لەسەر کاندیدانی ئەنجوومەنی راژە، مەسعود حەیدەر ئاماژەی بەوەکرد: "پێکهاتەکانی عێراق ئەندامیان لە ئەنجوومەنەکە دەبێت، نوێنەری کوردیشی تێدایە و رێککەوتنیش لەسەر ناوی کاندیدەکان کراوە".
هاوکات راشیگەیاند، پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە و دیارییکردنی ئەندامەکانی، هەنگاوێکی گرنگە، بۆئەوەی کۆتایی بە واستە و واستەکاری بهێنرێت لە پرۆسەی دامەزراندن، بەم شێوەیەش چی دیکە وەزیر دەسەڵاتی ئەوەی نابێت، بە ئارەزووی خۆی خەڵک دابمەزرێنێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری رۆژی پێنجشەممە 28-7-2016 -ی پەرلەمانی عێراق بریتین لە:
یەکەم: دەنگدان لەسەر رێککەوتنی خزمەتگوزاری ئاسمانی نێوان عێراق و کوەیت.
دووەم: دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای وەزارەتی ناوخۆ.
سێیەم: تاوتوێکردنی پرسی باج.
چوارەم: راپۆرتی لیژنەی کشتوکاڵ لەبارەی دواکەوتنی پارەی گەنمی جووتیاران.
پێنجەم: راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەبارەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان.
شەشەم: پێدانی ئەولەویەت بە چاپخانە ئەهلییەکانی عێراق بۆ چاپکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن.
حەوتەم: پرسی پێدانی مۆڵەتی نەوەی چوارەمی پەیوەندییەکان.
هەشتەم: دەنگدان لەسەر کاندیدەکانی ئەنجوومەنی راژە.
نۆیەم: پرسی کاندیدی دادوەران بۆ دەستەی تەمیزی تایبەت بە پێداچوونەوە بە تانەکان لەبارەی بڕیارەکانی دەستە لێپرسینەوە و دادپەروەری.
دەیەم: خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژەیاسای چوونی عێراق بۆ نێو رێککەوتنی کاری دەریایی ساڵی 2006.
یازدەیەم: راپۆرت و تاوتوێکردنی هەموارکردنەوەی یاسای پاسەوانی شەوانە.
دوازدەیەم: راپۆرت و تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای تاوانی زانیارییەکان.
سێزدەیەم: راپۆرت و تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای پاراستنی بەڵگەنامەکان
رووداو
