دیندار زێباری: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رێگری ده‌کات له به‌شداری ھه‌رێم له خولی ساڵانه‌ی ئه‌نجومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤ له جنێڤ
له‌م باره‌یه‌وه دیندار زێباری سه‌رۆکی لیژنه‌ی ھه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وتی: ئێمه له خولی ساڵانه‌ی ئه‌نجومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤ له جنێف سه‌باره‌ت به ره‌وشی مافی مرۆڤ له جیھان به‌شداری ده‌که‌ین و تێیدا ھه‌ڵوێستی حکومه‌تی ھه‌رێم و ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ی له‌م بواره‌وه له ھه‌رێمی کوردستان ھاتوونه‌ته دی به‌تایبه‌تی له بواری مرۆیی و مافی مرۆڤ و حوکمڕانی ده‌خه‌ینه‌ڕوو، سه‌باره‌ت به خولی ئه‌م ساڵیش سه‌ره‌تا بریکاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به نووسراوی ژماره (٢٨) له رۆژی ١٢/٤/٢٠١٦ له‌رێگه‌ی نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان له به‌غداد پێی راگه‌یاندین که به‌رده‌وام ده‌بن له ئاگادارکردنه‌وه‌ی ھه‌رێم بۆ به‌شداریکردن له کۆڕ و کۆبوونه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، به‌ڵام فه‌رمانگه‌ی مافی مرۆڤی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به نووسراوی ژماره (١٢ له رۆژی ٨/٦/ ٢٠١٦ که ئاراسته‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی ھه‌رێم له به‌غداد کردووه ئاماژه‌یان به‌وه کرد که ته‌نیا شاندی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌شداری خولی ساڵانه‌ی ئه‌نجومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤ له جنێف ده‌بن و ئێوه وه‌ک ھه‌رێم ده‌توانن تێبینی و راسپارده‌کانی خۆتان سه‌باره‌ت به ره‌وشی مافی مرۆڤ له ھه‌رێمی کوردستان له رێگای وه‌فده‌که‌مان تێبینییه‌کانتان بگه‌یه‌نین.
زێباری زیاتر وتی: ئه‌م ھه‌نگاوه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی ئیتیحادی مانای ئه‌وه بوو که رێگا نادرێ شاندی حکومه‌تی ھه‌رێم له خولی ساڵانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤ به‌شدار بێت ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا ھه‌ڵوێستێکی مه‌ترسیداره‌وه و کاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له سه‌ر رۆڵی ھه‌رێم له کۆڕ و کۆڕبه‌نده جیھانییه‌کان که له داھاتوودا ده‌به‌سترێن به‌تایبه‌ت له‌رووی مافی مرۆڤه‌وه که پێویسته به‌رده‌وام کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و رێکخراوه جیھانییه‌کانی لێ ئاگادار بکرێنه‌وه. ئێمه به به‌رده‌وام ھه‌وڵمانداوه که له‌لایه‌ن یوئین و رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه له‌رووی مافی مرۆڤه‌وه ھه‌رێمی کوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆی ھه‌بێت له کاتێکدا عێراق ره‌خنه و تێبینی زۆری له‌سه‌ره.
سه‌رۆکی لیژنه‌ی ھه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ھه‌روه‌ھا وتیشی: ئه‌م ھه‌نگاوه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ھۆکاری دیکه‌ی شاراوه‌ی له پشته، چونکه له سه‌ره‌تاوه ره‌زامه‌ندیان بۆ به‌شداری کردنی وه‌فدی ھه‌رێم ده‌ربڕیبوو، به‌ڵام له ماوه‌یه‌کی که‌مدا له بڕیاری خۆیان پاشگه‌ز بوونه‌وه ئه‌مه‌ش به دڵنیاییه‌وه کاریگه‌ری ده‌کاته سه‌ر به‌شداربوونی ھه‌رێم له داھاتوودا له کۆڕ و کۆڕبه‌نده جیھانییه‌کان.
ماوه‌یه‌که حکومه‌تی ئیتحیادی له رێگای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ھه‌وڵ بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی رۆڵی حکومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات و دوایین ھه‌ڵوێستیشیان له‌م بواره ھه‌وڵدان بوو بۆ به‌شداری نه‌کردنی ھه‌رێمی کوردستان له‌و کۆنگره‌یه‌ی که وڵاتانی ھاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له ئه‌مریکا به‌سترا له کاتێکدا که ھێزی پێشمه‌رگه تاکه ھێزی زه‌مینییه که به نوێنه‌رایه‌تی ھه‌موو جیھان دژی تیرۆریستان داعش له شه‌ڕدایه و توانیویه‌تی سه‌رکه‌وتنی گه‌وره تۆمار بکات و به‌شێکی ھه‌ره زۆری ئه‌و شوێنانه‌ی داعش داگیری کردبوون رزگاریان بکاته‌وه.
