لەبارەی كارەبای نیشتمانی كەركووك هەڕەشەی دابڕان لە بەغدا دەكات
بەشە کارەبای کەرکووک لە تۆڕی نیشتمانی عێراق بەپێی خواستی پارێزگاکە نییە، هەر بۆیە لەدوایین کۆبونەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان پارێزگاری کەرکووک داوایەکی خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگا تاوەكو مۆڵەتی یەک هەفتە بدرێتە حکومەتی عێراق لە ئەگەری زیادنەکردنی بەشە کارەباکەیان، بژاردەی دابڕاندنی کەرکووک لەتۆڕی نیشتمانی بگرنەبەر.
یاڵچین مەهدی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک دەڵێت "لەسەرەتادا بەشە کارەباکەمان، کە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینکرابوو، بەشی کەرکووک 5.6 بوو، دواتر بەشی کەرکووک کەمکرایەوە بۆ 4.7. ئێستا هەوڵی زۆرمان هەیە و بەردەوامین لەگەڵ دەستەی هەماهەنگی پارێزگاکان لە بەغدا، بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە تاوەكو بەشە کارەبای کەرکووک زیادبکرێت".
ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا تەنیا کارەبا نییە، بەڵکو گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی حکومەتی عێراق لەڕێگەی هەندێك لە وەزارەتەکانەوە مامەڵەیەکی ناتەندروستیان لەگەڵ دەکات.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت دەڵێت "حكومەتی عێراقی مراوەغە لەگەڵ كەركووك دەكات، بۆیە ئەگەر بەزووترین کات پەلەی تێدا نەکەن، ئەو کاتە ئێمەش ناچار دەبین مەلەفی سیاسی دەربکەین".
پارێزگای کەرکووک خاوەن سێ وێستگەی سەرەکی و دوو وێستگەی لاوەکی بەرهەمهێنانی کارەبایە، کە لە رێگەیانەوە زیاتر لە 700 مێگاوات کارەبا دەدرێتە تۆڕی نیشتمانی عێراقی، بەڵام 450 مێگاواتیان لە تۆڕی نیشتمانی پێدەگاتەوە و 210 مێگاواتیش لە وەبەرهێنەرێکەوە دەکڕن.
رووداو-
