شاندێکی عێراقی بۆ رێککەوتن لەسەر نرخی گاز سەردانی ئێران دەکات
رۆژی دووشەممە 25-7-2016 عەزیزوڵڵا رەمەزانی، سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە کۆمپانیای گازی نیشتمانی ئێرانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لە تاران رایگەیاند، شاندێکی عێراقی هەفتەی داهاتوو سەردانی ئێران دەکەن، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی نرخی گاز، کە وڵاتەکەی هەناردەی عێراقی دەکات. رەمەزانی، راشیگەیاند، ئەگەر لەسەر نرخەکەی گەیشتنە رێککەوتن، ئەوا لەو مانگەوە ئێران دەست بە هەناردەکردنی گاز دەکات بۆ عێراق.
لە 22ی مانگی حوزەیرانی 2016دا بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران، بەهۆی بوونی چەند کێشەیەکەوە، هەڵپەساردنی گرێبەستی هەناردەنی کردنی گازی ئێرانی بۆ عێراق راگەیاند.
فاتمە سەلمان زرکانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، وێستگەکانی کارەبا بەتایبەتی لە پارێزگای بەسرە پێویستیان بە گاز هەیە، بەمەبەستی کارپێکردنیان و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا ئەو رێککەوتنە لەگەڵ ئێران ئەنجامدەدرێت.
زرکانی، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا و نوێنەری پارێزگای بەسرەیە، رایگەیاند: "لێژنەکەیان چاودێری ئەو رێککەوتنە دەکات" و هاوکات رەخنەشی لە حکومەتی عێراق گرت و گوتیشی "حکومەت نەیتوانیوە توانای دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی عێراق بەرزبکاتەوە، لە کاتێکدا وڵاتەکەی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و گاز، کەچی تاوەکو ئێستا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان، دەبێ پێشت بە گازی دەرەوە ببسترێت".
