مالیکی ناکۆکیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی قۆستووەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 25\7\2016، ئاسۆ کەریم، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: “مالیکی دەیەوێت جارێکی دیکە بۆ دەسەڵات و پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بگەڕێتەوە، چونکە کاتی خۆی ناچار کرا واز لە دەسەڵات بهێنێت، لە کاتێکدا پۆستەکەشی لە حکوومەت بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە، بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی هەندێک لایەنی شیعە و هەندێک لایەنی کوردستان، بێتەوە سەر دەسەڵات”.
بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات ئەستەمە، چونکە لە سەردەمی ئەودا گەورەترین کارەسات بەسەر عێراقدا هاتووە کە ئەویش بریتی بووە لە هێرشی داعش و بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان. گوتیشی: "مالیکی کاری جددی کرد بۆ ئەوەی کورد لە ناوەندی بڕیار لە عێراق دووربخاتەوە، ئیستاش لەناو هاوپەیمانیی شیعە و لەناو حزبی دەعوە پشتیوانی لێ ناکرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی هەبوونی درز لەناو هێزە سیاسییەکانی کوردستان، قەیرانی سیاسی لە کوردستان، نێوانی هێزە سەرەکییەکان گەیشتووەتە جۆرێک لە گرفتی سیاسی، ئەمەش وای کردووە کە ئەم کەلێنە گەورەیە، خەڵکانێک بێنە ناو کەلێنەکەوە، بۆیە مالیکی ئەگەر بێتە ئەو کەلێنەوە و چەند لایەنێکی کوردی بۆ خۆی ڕابکشێت، ئەوا دەستکەوتی دەبێت”.
ئاسۆ کەریم پێی وایە، پێویستە بە پێچەوانەی مالیکی کار بکرێت و هەوڵ و تەقەڵا بدرێت بۆ ئاشتەوایی. دەشڵێت: “هەوڵەکانی بارزانی لە ڕێگای نوێنەری تایبەتیی خۆیەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، کارێکی زۆر باشە و هەوڵێکی گرنگە، بۆ ئەوەی درز و کەلێن پڕبکرێتەوە و رێگا بە کەسانی وەک مالیکی نەدرێت، سوود لەو ناکۆکییانە وەربگرێت".
باس
