خالید شوانی: پێویستە سەرۆککۆمار لە نێو عێراقدا بمێنێتەوە

خالید شوانی: پێویستە سەرۆککۆمار لە نێو عێراقدا بمێنێتەوە
سەرۆککۆماری عێراق بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی ناکات و سەرۆکایەتیی کۆماریش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دۆخی عێراق وا دەخوازێت، کە سەرۆککۆمار لەنێو عێراقدا بمێنێتەوە.

خالید شوانی، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە لێدوانێکدا بەشداریی نەکردنی فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری عێراق لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی پشتڕاستکردەوە، کە بڕیارە رۆژی دووشەممە 25-7-2016 لە نەواکشوت-ی پایتەختی مۆریتانیا دەست بەکارەکانی بکات.

بەگوتەی خالید شوانی "دۆخی عێراق وا دەخوازێت، کە سەرۆککۆمار لەنێو عێراقدا بمێنێتەوە و سەردانی دەرەوە نەکات، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند پرۆژەیەکیان بەدەستەوە، کە کاری لەسەر دەکەن، بۆیە لەگەڵ عەبادی رێککەوتوونە، کە ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق سەرۆکایەتی شاندی عێراق بکات لە لووتکەکەدا".

هەندێک لە میدیاکانی عێراقی بڵاویانکردووەتەوە، کە بەهۆی نەبوونی پارە و بودجەوە، فوئاد مەعسووم، سەرۆکۆماری عێراق، نەیتوانیووە بەشداری لە لووتکەکە بکات.

لە بەرامبەردا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "چۆن دەبێت عێراق پارەی گەشتی گەورە بەرپرسانی نەبێت بۆ بەشدارییکردن لەو کۆبوونەویەکی لەم شێوەیەدا"، هاوکات پرسیاری ئەوەش دەکات. کە ئەگەر بەهۆی قەیرانی داراییەوە بێت، چۆن ئیبراهیم جەعفەری بەشداری لووتکەکە دەکات؟
Top