هۆزەكانی ئەنبار لەهەرێمەوە دەنگیان دەخەنە پاڵ یەك

هۆزەكانی ئەنبار لەهەرێمەوە دەنگیان دەخەنە پاڵ یەك
كۆنگرەی رزگاركردنی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، بەداواكردنی پەلەكردن لەرزگاركردنی رۆژئاوای پارێزگاكە، پێكهێنانی هێزێكی عەشایەری، گەڕاندنەوەو دامەزراندنەوەی ئەندامانی هێزی ئەمنی شارەكەو كۆمەكردن و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاربووەكانی پارێزگاكە كۆتایی بەكارەكانی هێنا.

كۆنگرەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 24/7/2016 لەهوتێل دیدەمان لەشاری هەولێر، بە بەشداری نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و سوهەیب ئەلراوی پارێزگاری ئەنبارو نوێنەری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو هۆزە عەرەبییەكانی ئەنبار، كارەكانی دەستپێكردو بە بانگەوازێكی دە خاڵی، كۆتایی بەكارەكانی هێنا.

ئامانج لە كۆنگرەكە، یەكخستنی دەنگی هۆزە عەرەبییەكانی پارێزگاكەو ئەنجومەنی پارێزگاو حكومەتی خۆجێی ئەو شارە بوو بۆ هەرچی زووە دەستكردن بەئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی هەرسێ قەزای (قائیم، عانە، راوە)ی رۆژئاوای ئەنبار. لەپاڵ ئەمەشدا، كۆمەڵێك داواكاری دیكەیان هەبوو لەوانە، دووبارە گێڕانەوەی ئەندامانی پۆلیسی ئەنبار كە لەلایەن حكومەتی عێراق لەكارەكانیان دوورخرابوونەوە.

سوهەیب ئیسماعیل ئەلڕاوی پارێزگاری ئەنبار لەلێدوانێكیدا بۆ خەندان لەبارەی قەبارەی زیانەكان كە بەر ئەنبار كەوتووە باسی لەوەكرد، بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەكان زیانەكان بە ملیارەها دۆلار مەزندە دەكرێت، بەڵام تا دوای رزگارنەكردنی تەواوەتی ئەنبارو دەستبەكار نەبوونی تیمی ئەندازیاری و دەستنیشانكردنی زیانەكان ناتوانرێت قەبارەی زیانەكان بەدروستی دەستنیشان بكرێت.

رێكخراوی داعش لە سەرەتای ساڵی 2014 كۆنتڕۆڵی شاری فەلوجەی كرد لە پارێزگای ئەنبار، لە مانگی پێنجی ساڵی 2015 شاری رومادی ناوەندی پارێزگاكەی كۆنتڕۆڵكرد، لەو ماوەیەدا كە داعش زۆربەی پارێزگاكەی كۆنتڕۆڵكردبوو، بەهەزاران كەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئاوارەبوون و ناوچەكانیش زیانی گەورەیان بەركەوتووە.

لەكۆتایی ساڵی 2015 هێزەكانی سەر بە حكومەتی عیراق توانیان شاری رومادی كۆنتڕۆڵبكەنەوە، لەحوزەیرانی ئەمساڵیشدا سوپا كۆتایی هاتنی پڕۆسەی رزگاركردنی فەلوجەی لەدەست داعش راگەیاند.

بەپێی ئامارەكانی پارێزگای ئەنبار، ئەو زیانانەی داعش بە شاری رومادی گەیاندووە ئێجگار زۆرن، لەوانە پێنج هەزار خانوو رووخاون و داتەپیون، پەنجاو دوو فەرمانگەو بنكەی تەندروستی رووخاون، دووسەدو پەنجا قوتابخانە لەسەر ئاستی پارێزگای ئەنبارو هەشتاوچوار پرد رووخاون، ژێرخانی پارێزگای ئەنبار لەرووی ئاوو كارەباو رێگاوبان بەتەواوی رووخاون و پەكیان كەوتووە.

بەوتەی سوهەیب ئەلڕاوی، بنتیانانەوەی رومادی پێویستی بە بودجەیەكی گەورە هەیە.

لەبارەی ئەوەی كە حكومەتی عێراق هیچ بودجەیەكی دابینكردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەنبار، سوهەیب رایگەیاند، تائێستا هیچ میزانیەیەكی تایبەت بە نۆژەنكردنەوەو دووبارە دروستكردنەوەی فەرمانگەو ژێرخانی ئەنبار دانەنراوە، ئەوەی هەیە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ئەنبارە كە تەرخانكراوە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆیان، دووبارە نۆژەنكردنەوەی ئەنبار، دەبێت میزانیەكەی لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بۆ دەستنیشان بكرێت، ئەوانیش بەو كارە هەڵدەستن.

هەر بەپێی ئامارەكان، تائێستا زیاتر لە 50%ی دانیشتوانی ئاوارەی رومادی گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان، لەئێستاشدا پڕۆژەیەك لەلایەن پارێزگاری ئەنبارەوە راگەیەنراوە بۆ دووبارە گەڕانەوەی خەڵكی فەلوجە بۆ ناوچەكانی خۆیان، دوای رزگاركردنی لەدەست داعش.

بەشێكی دیكەی داواكارییەكانی كۆنگرەی رزگاركردنی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، ئاڕاستەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان كرا كە ئامادەكاری تەواو بكەن بۆ گێڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەكان، داواشیان لەوەزارەتە خزمەتگوزارییەكان كرد ئامادەكاری تەواو بكەن بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ ئەو ئاوارانەی دەگەڕێننەوە شارەكان، هەروەها داوایان لەوڵاتانی كۆمەك بەخش كرد كە هاوكاری ئەنبار بكەن لەدووبارە بنیادنانەوەی شارەكەو قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان.

نەهلە ئەلراوی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بەخەندانی راگەیاند، ئێستا كاتی رزگاركردنی ئەو سێ قەزایەی رۆژئاوای ئەنبارە، لەوە زیاتر نابێت چاوەڕێ بكرێت، رەخنەشی لەحكومەتی عێراق هەبوو كە وەك پێویست بەئەركی خۆیان هەڵنەستاون لەدووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەنبارو ناوچە رزگاركراوەكان، بۆیە پشتیان بە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەستووە تا هاوكاریان بكەن.

بەپێی ئامارەكانی لیژنەی دەستنیشانكردنی زیانەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، 80%ی رومادی، كەمتر لە 70%ی فەلوجەو پێدەچێت 50%ی رۆژئاوای ئەنباریش زیانیان بەركەوتبێت، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ئاماری دروست لەبارەی قەبارەی زیانەكان بە پارە دەستنیشان بكرێت.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، هۆكاری دووبارە گەڕانەوەی بەشێك لە دانیشتوانی ئەنباری بۆ هەرێمی كوردستان پاش ئازادكردنی ناوچەكانیان گەڕاندەوە بۆ نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان.

سوپاو هێزە ئەمنییەكانی عیراق تائێستا بەردەوامن لە پڕۆسەكانیان بۆ رزگاركردنی تەواوەتی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ یەكشەممە سوپا خاپوركردنی 11 بارەگای داعشی لە ناوچەی خالیدیە (13 كم رۆژهەڵاتی رومادی) راگەیاند.

توركی محەمەد راوێژكاری هۆزە عەرەبییەكانی پارێزگای ئەنبار بە خەندانی راگەیاند، ئامانج لە كۆنگرەكە یەكخستنی هەڵوێستی هۆزە عەرەبییەكانی پارێزگاكە بوو بۆ رزگاركردنی ئەو سێ قەزایەی ماوە لەبەردەست داعش و پێكهێنانی هێزێكی عەشایەری تایبەت بە ئەنبار.

توركی باسی لەرۆڵی هۆزە عەرەبییەكان كردو ئەوەی خستەڕوو، یەكخستنی هەڵوێستی هۆزە عەرەبییەكان كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر رزگاركردنی تەواوی ئەنبار لەژێر دەستی داعش و ئاوەدانكردنەوەی شارەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان.
Top