موقتەدا سەدر هۆشداریی دەداتە فوئاد مەعسوم

 موقتەدا سەدر هۆشداریی دەداتە فوئاد مەعسوم
رێبەری رەوتی سەدر هۆشداریی دەداتە سەرۆک کۆماری عێراق و رایدەگەیەنێت، ”ناتوانی ئەندامانی سوپای مەهدی لەسێدارە بدەی“.

هەروەک میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە وەڵامی پرسیارێکی لایەنگرانی رایگەیاندووە، کە مەرسومە کۆمارییەکانی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق بۆ لەسێدارەدانی ”تاوانبار و تیرۆریستان“ هەنگاوێکی سیاسییە نەک یاسایی.

پێشتر فوئاد مەعسوم دوای داوای حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەشێک لە پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارانی عێراقی چەند مەرسومێکی کۆماری بۆ لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر بە لەسێدارەدان سزا دراون، دەرکرد.

موقتەدا سەدر رووی لە فوئاد مەعسوم کردووە و سوێندی خواردووە، ”بەخوا ناتوانی چەکدارانی سوپای مەهدی لە سێدارە بدەی“.

بەشێکی زۆر لەو زیندانییانەی بەپێی مەرسومەکانی سەرۆک کۆمار لە سێدارە دەدرێن، چەکدارانی میلیشیای سوپای مەهدی بوون، کە موقتەدا سەدر رێبەرییان دەکات و دوای پرۆسەی رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێنی سەرۆکی پێشووی عێراق، بە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری بەرهەڵستیی حکوومەتی عێراقیان دەکرد.










باسنيوز
Top