فوئاد مەعسوم: هیوادارم سەروەریی یاسا باڵ بەسەر تورکیادا بکێشێت

 فوئاد مەعسوم: هیوادارم سەروەریی یاسا باڵ بەسەر تورکیادا بکێشێت
سەرۆک کۆماری عێراق هیوا دەخوازێت سەروەریی یاسا باڵ بسەر کۆماری تورکیادا بکێشێت.

لە راگەیەندراوێک، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ ”گەڕانەوەی دامەزراوە دیموکراسییە ھەڵبژێراوەکانی تورکیا“ دەربڕیوە.

فوئاد مەعسوم دڵنیایی خۆی بە ”تواناکانی گەلی کۆماری تورکیا لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە نائاساییە“ نیشانداوە و رایگەیاندووە، کە ھیوای زۆرە تورکیا بتوانێت ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت و ”گەلی تورکیای دۆستیش بە ئاشتیی و ئۆقرەیی و پێشکەوتن شاد بێت و بە زوترین کات سیستمە دەستورییەکەی بۆ بگەڕێتەوە“.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە راوێژکردنێکی چڕ بە راوێژکارەکانی، سەرۆک کۆماری عێراق ”زۆر بە بایەخەوە“ بە دواداچوون بۆ پێشهاتەکانی تورکیا دەکات.

شەوی هەینی 15ـی تەمموزی 2016، بەشێک لە سەرکردەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی بکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکەپە) بهێنن، بەڵام کودەتایەکە شکستی هێنا.











باسنیوز
Top