باڵوێزخانەی ئەمریکا دەسەڵاتی جووڵاندنی یەکە سەربازییەکانی عێراق لە عەبادی دەسەنێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 12\7\2016، نیاز حاجی، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: چەند زانیارییەک، پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە لەلایەن باڵوێزخانەی ئەمریکا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە، بە تەواوی دەسەڵاتەکانی جووڵاندنی یەکە سەربازییەکانی سوپای عێراقیان لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەرگرتووەتەوە، سەرجەم جموجۆڵەکان لەمەودوا بەهەماهەنگی لە نێوان خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا دەبێت. ڕوونیشی کردەوە: “وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو و لەناکاو گەیشتە بەغدا، دوای ئەوەش، سەردانی وەزیری بەرگریی کەنەدای بەدوادا هات، پێدەچێت سەردانەکەی یەکەم، پەیوەندی بە جموجۆڵە سەربازییەکەی ئەمڕۆی ناو بەغداوە هەبێت، هەروەها هەر دوێنێ ئەمریکا ڕای گەیاند کە زیاتر لە 500 سەربازی دیکە دەنێرێتە عێراق و پێدەچێت لە بنکەی گەیارە جێگیریان بکات، پێدەچێ ئەمجارە ئەمریکا چیتر رێگا نەدات کە ئازادکردنەوەی موصڵ دوابخرێت و تەگەرەی بۆ دروست بکرێ”.
بە بڕوای ئەو چاودێرە، دوای تەقینەوەکەی ناوچەی کەڕادەی ناوەڕاستی بەغدا، میلیشیا شیعەکان هەڕەشەی داگیرکردنی بەغدا دەکەن و بەکردەوەش ناڕاستەوخۆ دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووە، بۆیە دۆخی بەغدا مەترسیدارە.
لە لایەن خۆیەوە، دکتۆر عەرەفات کەرەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان،ڕایگەیاند: “ئاگادارین لەبەغدا هێزێکی زۆر جووڵەی پێکراوە و لە شەقامەکاندا بڵاو کراوەتەوە”. ڕوونیشی کردەوە: “سەدر هەڕەشەی جددی لە حکوومەت و دامەزراوەکان دەکات و دوای هێرشەکەی کەڕادە، ئەگەری ئەوەش هەیە کە هەینیی داهاتوو، خۆپیشاندانی یەکجار فراوان بکرێت، بۆیە ئەمەریکاش نایەوێت بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەوە حکوومەت لەم کاتەدا بڕووخێت کە ئازادکرنەوەی مووسڵ لەپێشەوەیە".
باسنیوز
