عەبادی: بەم نزیکانە موسڵ رزگار دەكەین و داعش لە ناو دەبەین

عەبادی: بەم نزیکانە موسڵ رزگار دەكەین و داعش لە ناو دەبەین
عەبادی جەختیکردەوە لەدوای ئەو پێشڕەویە گەورەیەی هێزە ئەمنیەکان لە فەلوجە کردیان داعش توشی شکست بووە و چەکدارەکانیان ناتوانن لە بیابانەکانیش هەڵبێن، وتیشی بەم نزیکانە ئاڵای عێراق لە نەینەوا هەڵدەکەن.

بە گوێرەی بەیانامەیەکی نوسینگەی عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوێنێ هەینی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق وتویەتی "لە ڕێگەی تەقینەوە و بە ئامانجگرتنی عێراقیەکانەوە داعش دەوێت کاریگەری و بوونی خۆی بسەلمێنێت بە ئامانجی ئەوەی پاڵپشتی داراییان بەردەوامبێت و چەکدارانی نوێ ڕابکێشنە نێو ڕێکخراوەکە."

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو سەرکەوتنانەی بەسەرداعشدا بەدەستهێندراون هەموو تواناکانی داعشی لاوازکردووە و شکستپێهێنانی تەواویان نزیکبووەتەوە، بەم نزیکانەش ئاڵای عێراق لە نەینەوا هەڵدەکەن.

ڕاشیگەیاند "ڕووداوەکەی گەڕەکی کەڕادەی بەغداد وەڵامدانەوەیەکی داعشبووە بۆ ئەو سەرکەوتنانەی هێزە ئەمنیەکان لە فەلوجە بەدەستیانهێنابوو".

عەبادی وتیشی"هەندێک کەس لەبەر بەرژەوەندی سیاسی بازرگانی بە خوێنی عێراقیەکانەوە دەکەن لە کاتێکدا کە پێویستە هەموولایەن یەکبگرن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

ڕۆژی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٦ و دوای مانگێک لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی فەلوجە، توانرا لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنترۆڵ بکرێتەوە.

هاوکات لە ئۆپراسیۆنەکەدا هەزاران هاوڵاتی ئاوارە بوون و بەپێی سەرچاوەکانیش ژمارەیەکیان لەکاتی هەڵاتنیاندا لەلایەن داعشەوە کوژراون یان لە ئاوی دیجلەدا خنکاون.
Top