موقتەدا سەدر: ئاگری تیرۆر سعودیەش داخ دەكات

موقتەدا سەدر: ئاگری تیرۆر سعودیەش داخ دەكات
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر هۆشداری دەداتە سعودیە بەوەی ئاگری تیرۆر ئەو وڵاتەش داخ دەكات، داوای لەمسوڵمانان دەكات هەڵوێستێكی بەپەلە‌و دروست وەربگرن لەبەرانبەر تەقینەوەكانی دوێنێی نزیك مزگەوتی پەیامبەری ئیسلام.

خۆكوژان بە بەكارهێنانی پشتێنەی بۆمبڕێژكراو لەیەك رۆژدا، دوێنێ‌ دووشەممە سێ ناوچەی سعودیە -یان كردە ئامانج، كە یەكێك لە هێرشەكان لە نزیك مزگەوتی پەیامبەری ئیسلام لە مەدینە ئەنجامدرا، یەكێك لە دوو پیرۆزترین ناوچەكانی سەر زەوی لای مسوڵمانان.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەسەر مەڵپەڕی (السید الشهید الصدر) بڵاوكراوەتەوە، سەدر لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەلهاویشتنی تیرۆر و بەئامانگرتنی حەرەمی نەبەوی (مزگەوتی پێغەمبەر)، رایگەیاند "بەئامانجگرتنی حەرەمی نەبەوی، گەر هێما بۆ شتێك بكات، هێماكردنە بۆ ئەوەی كە فكری داعشی بە تایبەت و تیرۆر بەشێوەیەكی گشتی، ئیسلام دەكاتە ئامانج و بگرە پێغەمبەری ئیسلامیش دەكاتە ئامانج".

سەدر دەڵێت "شانشینی عەرەبی سعودیەش وا بە ئاگری تیرۆر داخ دەكرێت، بۆیە پێویستە تیرۆریستانی نێو حكومەتەكەی‌و دەرەوەی حكومەتەكەی دادگایی بكات‌و لە تەواوی جومگەكانی دەسەڵاتدا لەو وڵاتە دەریان بكات، تا تارمایی تیرۆر لە خۆیی‌و هەموو جیهان‌و شوێنە پیرۆزەكان دووربخاتەوە".

رابەری رەوتی سەدر، داوایكرد هەڵوێستێكی بەپەلە لەبەرانبەر ئەو تەقینەوەیەدا وەربگیرێت كە حەرەمی نەبەوییان كردە ئامانج، داواشی لەسعودیە كرد بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە بەرانبەر یەمەن و بایەخ بە كێشەی گشتی كە خۆی لە تیرۆر و داگیركاریدا دەبینێتەوە، چڕبكاتەوە.

بەپێی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، لە تەقینەوە خۆكوژییەكەی نزیك مزگەوتی پەیامبەری ئیسلام لەشاری مەدینە، چوار كەس لەهێزەكانی ئاسایشی ئەو وڵاتە كوژران‌و پێنجی تر برینداربوون.

لەحەوت رۆژی رابردوودا، سێ هێرشی خوێناوی توركیا، بەنگلادیش و بەغدادیان هەژاند، دواتر رێكخراوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەكان راگەیاند.

خوێناویترین هێرش لەم هەفتەیەدا، بەرەبەیانی یەكشەممە 3ی ئەم مانگە بوو، كاتێك ئۆتۆمبێلێكی ساردكەرەوەی پڕ لەماددەی تەقەمەنی شەقامێكی قەرەباڵغی ناوچەی كەرادەی بەغدای كردە ئامانج، بەهۆیەوە 200 كەس كوژران‌و زیاتر لە 200ی تر برینداربوون.
Top