بەغدا: بەموشەک هێرشکرایە سەر کامپی لیبەرتی نزیک فرۆکەخانەی بەغدا

بەغدا: بەموشەک هێرشکرایە سەر کامپی لیبەرتی نزیک فرۆکەخانەی بەغدا
سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا ڕایگەیاند، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ چواری تەموز بە موشەک هێرشکراوەتە سەر کامپی لیبەرتی لە نزیک فرۆکەخانەی بەغدا کە دەکەوێتە خۆرئاوای شارەکەوە کە ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی نەیاری ئێرانی تێدا نیشتەجێیە.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە هێرشەکەدا دە موشەک بەکارهاتووە و تا ئێستا زیانەکان نەزانراوە.
کەمتر لە ساڵێک ئەمە دووەمین جارە هێرش دەکرێتە سەر کامپی لیبەرتی تایبەت بە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی نەیاری ئێران.
ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق لە ساڵی ١٩٦٥ دا لەلایەن محەمەد حەنیف نەژاد درووستکراوە و لە سەردەمی حوکمی پەهلەوییەکانیشدا ئەندامانی ڕێکخراوەکە بە ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی تاوانبارکرابوون.

لە دوای شۆڕشی خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا ڕێکخراوەکە نەیتوانی دژبەرایەتی خومەینی و لایەنگرانی بکات و لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕی ئێران - عێراق لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ ئەندامانی ڕێکخراوەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕاکێشرانە خاکی عێراق و لە سوپای عێراقدا باڵێکی سەربازییان بەناوی "سوپای ئازادی" بۆ درووستکرا تا ڕێکخراوەکە بتوانێت دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بجەنگێت.

لە کاتی هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر کوردەکانیش ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق بەشداریان کرد و چەندین کوردی باشوور بە دەستی ڕێکخراوەکە کوژراون.

لە دوای ئەو ڕووداوانەوە ڕێکخراوەکە لەلایەن مەسعود ڕەجەوی و مریەمی رەجەوی هاوسەرییەوە سەرپەرشتی دەکرا و لەماوەی جەنگی ئێران - عێراقدا، مەسعود ڕەجەوی چەندجارێک چاوی بە سەدام حسێن سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق کەوتبوو.

لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە کامپی لیبرتی چەندجارێک لایەن گروپە چەکدارە شیعەکانەوە هێرشکرایە سەریان و لە کۆتا هێرشیشدا گروپێکی چەکداری بەناوی "حزبوڵا" بە موشەک هێرشی کردە سەر کامپەکە.
Top