حكومەتی عێراق سێ رۆژ پرسەی راگەیاند

 حكومەتی عێراق سێ رۆژ پرسەی راگەیاند
ژمارەی كوژراوەكانی بەغدا گەیشتە 167 كوژراو و حكومەتی عێراقیش سێ رۆژ پرسەی راگەیاند.

بەهۆی تەقینەوەکانی کەڕادە لە بەغدا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ رۆژ پرسەی لە سەرتاسەری عێراق راگەیاند.

رۆژی یەكشەممە 3-7-2016، لە نزیك حوسەینییەک لە ناوچەی كەڕادە لە بەغدا، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقییەوە و لەئەنجامدا زیاتر لە 300 كەس بوونە قوربانی.

بەپێی دوایین زانیاری ژمارەی كوژراوەكانی ئەو دوو تەقینەوەیە گەیشتووەتە 167 كەس و 180 كەسی دیكەش برینداربوون.

بەهۆی تەقینەوەكان ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق داوا لە حەیدەر عەبادی دەکات وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە.

لە راگەیێندراوێکدا محەممەد کەربولی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەکات، هەریەک لە خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی و محەممەد سالم غەبان، وەزیری ناوخۆ لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە، "بەهۆی ئەوەی شکستهێنانیان هێناوە لە پاراستی ئاسایشی نیشتمان و هاووڵاتیان".

محەممەد کەربولی پێیوایە، رۆژانە بەردەوامبوونی تەقینەوەکانی لە بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری، شکستهێنانی دۆسیەی ئەمنی دەسەلمێنن، کە بەدەست وەزیری ناوخۆ و بەرگرییەوەن.
Top