داعش بیانووی نوێ دەدۆزێتەوە بۆ سزادان و تۆقاندنی ئەو كەسانەی لەژێر دەسەڵاتیدان

داعش بیانووی نوێ دەدۆزێتەوە بۆ سزادان و تۆقاندنی ئەو كەسانەی لەژێر دەسەڵاتیدان
ویلایەتی فوراتی سەر بەرێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) ژمارەیەك وێنەی بڵاوكردۆتەوە كە تیایدا سزادانی چەند كەسێك نیشاندەدات كە گوایا هەندێكیان بەبێ هۆكاری شەرعی رۆژوویان شكاندووەو هەندێكی تریان نهێنیان دركاندووە.

وێنەكان كە لە هەژمارەكانی سەر بە داعش لە تویتەر بڵاوكراونەتەوە تیایاندا دەریدەخات، ئەو سزایە بریتییە لەلێدانی جەڵد بۆ تەمبێ كردنی ئەو كەسانە.

بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆ لەلایەن داعشەوە یەكێكە لەو رێگایانەی كە ئەو رێكخراوە پەیامی خۆی لەرێیەوە بڵاودەكاتەوە، ئەوەش لەهەوڵێكدایە بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن بەتایبەت ئەو كەسانەی لەسنووری ژێر دەسەڵاتیدان تا لەرێیەوە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت بەڵام دواجار ئەو ئاكارە رووخساری شەڕەنگێز و نائاشتیانەی ئەو رێكخراوە نیشان دەدەن.

كوشتن تۆقاندن بەشێكن لەسیما و ناسنامەی داعش و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو رێكخراوە لەماوەی دووساڵی رابردوودا لەو ناوچانەی دەستی بەسەرداگرتوون چەندین تاوانی ئەنجامداوە وەك ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دژی كوردانی ئێزیدی و رفاندنی زیاتر لە شەش هەزار ژن و پیاوو منداڵ و كچانی ئێزیدی لەدوای دەستبەسەرداگرتنی قەزای شەنگال لەمانگی ئابی 2014 كە تائێستاش زیاتر لە سێ هەزارو 700 كەسیان لەلای ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە ماون.

لە 12ی حوزەیرانی 2014 چەكدارانی داعش لەسەربازگەی سپایكەر لەتكریت كۆمەڵكوژییەكی تریان ئەنجامدا كە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزارو 700 كەس لەلایەن ئەو رێكخراوەوە بەكۆمەڵ كوژران كە بەنیاز بوون پەیوەندی بكەن بەهێزی ئاسمانی عیراقەوە.

مانگی ئاداری ساڵی 2014 رێكخراوی داعش ویلایەتی فوڕاتی راگەیاند كە شارەكانی" ئەلبو كەمال" لە سوریا و "قائم" لەعیراق و گوندەكانی دەوربەریان لەخۆ دەگرێت.
Top