ئاوارە فەلووجەییەکان ستەمیان لێ كراوە

 ئاوارە فەلووجەییەکان ستەمیان لێ كراوە
لەگەڵ ئاوارەكان و ئەو كەسانەی ئەشكەنجە دراون قسە كراوە و دەركەوتووە كە ئەو خەڵكە زڵم و ستەمی زۆریان لێ کراوە.

(د. ئەشواق جاف) ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: "لەسەر بابەتی چەوسانەوەی خەڵکی فەلووجە، دوو جار نوێنەری لیژنەی مافی مرۆڤمان ڕەوانەی شاری فەلووجە كردووە و لەگەڵ ئاوارەكان و ئەو كەسانەی ئەشكەنجە درابوون یا دەستگیر كرابوون قسەیان كردووە؛ دەركەوت كە ڕاستە، ئەو خەڵكەی ئەوێ چەوسێندراونەتەوە؛ بەرپرسانی حەشدی‌شەعبییش دەڵێن گوایە هەر چەند كەسێك ئازاری خەڵكیان داوە و سزایان دەدەن. ئێمەش سەرجەم بابەتەكەمان كردە ڕاپۆرتێك و ناردمانە سەرەوە."

ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایشی كرد: "ڕەوشی ئاوارەكانی فەلووجە زۆر زۆر خراپە؛ چی هۆڵ و كەمپ لەوێ هەیە، پڕ بووە لە ئاوارە؛ ڕێی ڕێدار نابێتەوە؛ هیچ بەش ناکات؛ وا خەریکە لە گەرمادا دێن بە لادا."

گوتیشی: "لەوەتی ئەم ڕەوشە خراپەی ئاوارەكانی فەلووجەمان دیوە، هەر لە ئیستاوە داوامان كردووە كەمپ و ڕێوشوێنی باش دابین بکرێت، دیار نییە شەڕی مووسڵ چەندسەدهەزار کەس ئاوارە دەکا؛ جا حەتمی داعشیش خۆیان دەخزێننە ناو ئاوارەکانەوە؛ ئەویش خۆی لێپێچینەوەیەکی وردی دەوێ، نەکا تەڕووشک پێکەوە بسووتێن."
Top