هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی فەللوجە سەخت بوو و ئێستاش پێویستە کاری زۆرتر بکرێ

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی فەللوجە سەخت بوو و ئێستاش پێویستە کاری زۆرتر بکرێ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار لێدوانێک بڵاو دەکاتەوە.



لە لێدوانێكدا، عەقید کریس گارفەر، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، کە هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی هێزە زەمینییەکان دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش.



عەقید کریس گارفەر هەروەها رایگەیاندووە، کە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی فەللوجە سەخت بوو، ئێستاش پێویستە کاری زۆرتر بکرێ بە تایبەت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شارۆچکەکە.



هەروەک گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، چەکدارانی داعش ورەیان رووخاوە و رێکخستنەکانیان رووبەڕووی کێشەی ناوخۆیی بوونەتەوە.



رۆژی یەکشەممە 26ـی حوزەیرانی 2016، فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەللوجە رایگەیاند، کە بە رزگارکردنەوەی گەڕەکی جۆلان، شارۆچکەکە بە تەواوی رزگار کرایەوە.



لە میانەی شەڕەکانی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی چەکدارە شیعەکان بڵاو بووەتەوە، کە ئازاری هاووڵاتییە سوننەکانی فەللوجە دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن. هەروەها وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە نزیک شارۆچکەکە بڵاو بووەوە، کە حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هاتووە بۆ راوێژکردن بە هێزە عێراقییەکان.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 23ـی ئایاری 2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند.



فەللوجە شارۆچکەیەکی سوننەنشینی پارێزگای ئەنبارە، لەگەڵ شاری مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیرکراوە.









باسنیوز
Top