نووسینگەی عەبادی: دەست بە پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران دەکەینەوە
رۆژی دووشەممە 27-6-2016، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و بەشداری هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە، و بڕیاردرا دەست بەدانەوەی قەرزی نێوخۆیی بکرێت و پلانێک بۆ ئەو مەبەستە دابنرێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی حەیدەر عەبادی،سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران و بەڵێندران جەختی لەسەرکرایەوە و کۆمەڵێک رێوشوێن بڕیاری لەسەر درا، بۆئەوەی دانەوەی ئەو قەزرانە و پارەکانیان خێراتر بکرێت.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، باسی پێدانی قەرزی پرۆژەکانی پیشەسازیی، کشتوکاڵی و نیشتەجێبوون کرا، بڕیاردرا دەست بە پێدانی ئەو قەرزانە بکرێت، کە کاریگەری ئەرێنییان لەسەر رەوشی ئابووری وڵات هەیە. هاوکات بڕیاریشدرا دانەوەی قەرزەکانی یانەی پاریس دوابخرێت.
فازل نەبی، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق و، یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، هەر جووتیارێک ئەگەر تەنی گەنمی بە 700 هەزار دینار لێ وەرگیرابێت، رازی بێت پارەکەی کەم بکرێتەوە بۆ 500 هەزار دینار بۆ هەر تەنێک، ئەوا حکومەت سەرجەمی پارەکەی دەداتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر رازی نەبێت، ئەوا دەبێت چاوەڕێی بکات، تاوەکو پارە هەبێت، ئەوسا قەرزەکەی دەدرێتەوە".
لەبارەی پارەی بەڵێندەرانەوە، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق گوتی: "بڕیادراوە 40% پارەی بەڵێندەران بدرێت و لە رۆژی سێشەممەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردن".
