نوجەیفی وەڵامی سەرکردەیەکی باڵای حەشدی شەعبی دەداتەوە

نوجەیفی وەڵامی سەرکردەیەکی باڵای حەشدی شەعبی دەداتەوە
سەرۆکی ئیئتیلافی موتەحیدون لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی سەرۆکی رێکخراوی بەدر و سەرکردەی باڵای میلیشیا شیعەکان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، کە مووسڵ بەبێ رێککەوتنی سیاسی رزگار نابێتەوە.

نووسینگەی ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی ئیئتیلافی موتەحیدون لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە رۆژی یەکشەممە 26ـی حوزەیرانی 2016 لەگەڵ مارک بریتی، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەتەوە و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵیان تاوتوێ کردووە.

لە بەشێک لە قسەکانیدا، ئوسامە نوجەیفی ئاماژەی بەوە کردووە، کە شاری مووسڵ رزگار نابێتەوە تاوەکو رێککەوتنی سیاسی لەبارەی ئەو شارەوە نەکرێت، کە بنەمای ژیان و ئاییندەی ئەو خەڵکەی تێدا روون بکرێتەوە.

سەرۆکی ئیئتیلافی موتەحیدون وەڵامی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدری داوەتەوە و رایگەیاندووە، کە دەستدرێژییەکانی چەکدارانی ئەو رێکخراوە وای کردووە، کە هێز و هاووڵاتییە سوننەکان رەتی بکەنەوە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب بەشداریی لە رزگار کردنەوەی شارەکە بکەن.

رۆژی یەکشەممە 26ـی حوزەیران هادی عامری هەڕەشەی لە هێز و هاووڵاتییە سوننەکانی عێراق کرد، کە بە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ ناڕازین و رایگەیاند، ”هیچ لایەنێک لە عێراق ناتوانێ رێگریمان لێبکات“.

رۆژی شەممە 25ـی حوزەیرانیش میلیشیای عەسایبی ئەهلی حەق رایگەیاند، کە بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ دەکەن و ئەوەی دژی ئەو بەشداریکردنە بێت، ”دەکەوێتە ژێر پێیان و لە خۆی زیاتر لۆمەی کەس نەکات“.

لە میانەی شەڕەکانی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی چەکدارە شیعەکان بڵاو بووەتەوە، کە ئازاری هاووڵاتییە سوننەکانی فەللوجە دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن. هەروەها وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە نزیک شارۆچکەکە بڵاو بووەوە، کە حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هاتووە بۆ راوێژکردن بە هێزە عێراقییەکان.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.









باسنيوز
Top