فەرماندەیەکی سوپای عێراق: فەللوجە بە تەواوی رزگار کرا

 فەرماندەیەکی سوپای عێراق: فەللوجە بە تەواوی رزگار کرا
فەرماندەیەکی سوپای عێراق رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند.



رۆژی یەکشەممە 26ـی حوزەیرانی 2016، فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەللوجە رایگەیاند، کە بە رزگارکردنەوەی گەڕەکی جۆلان، شارۆچکەکە بە تەواوی رزگار کرایەوە.



بە گوتەی فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەدا، زیاتر لە 1800 چەکداری رێکخراوی توندڕەوی داعش کوژراون.



رۆژی هەینی 17ـی حوزەیرانی 2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رزگارکردنەوەی زۆرینەی ناوچەکانی فەللوجەی راگەیاند.



لە میانەی شەڕەکانی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی چەکدارە شیعەکان بڵاو بووەتەوە، کە ئازاری هاووڵاتییە سوننەکانی فەللوجە دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن. هەروەها وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە نزیک شارۆچکەکە بڵاو بووەوە، کە حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هاتووە بۆ راوێژکردن بە هێزە عێراقییەکان.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 23ـی ئایاری 2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند.



فەللوجە شارۆچکەیەکی سوننەنشینی پارێزگای ئەنبارە، لەگەڵ شاری مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیرکراوە.






باسنیوز
Top