ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ : لە مانگی حوزەیراندا ١٧ کەس لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراقی لەسێدارەدراون

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ : لە مانگی حوزەیراندا ١٧ کەس لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراقی لەسێدارەدراون
سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دوێنێ شەممە ڕایگەیاند ٢٠ هەزار ئاوارەی فەلوجە بە گومانی پەیوەندیەکانیان بە داعشەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵداکراوەو لە نێویشیاندا دوو هەزار و ١٨٥ کەس لەسەر بنەمای وتەکانیان و زانیاری دەربارەیان دەستگیرکراون.

سەرچاوەکە ڕایگەیاند ١١ هەزار و ٦٠٥ کەسی دیکە لەدوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا ئازادکراون و حەوت هەزار کەسیش لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

لەدوای هەڵاتنی ئاوارەکانی فەلوجەو گەیشتنیان بە هێزە ئەمنیەکان پیاوان و مێردمنداڵەکان لەیەکتری جیاکرانەوەو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵداکرا، بەشێکیان لەدوای چەند کاتژمێرێک لە لێکۆڵینەوە ئازادکراون و بەشێکی دیکەشیان بۆ لێکۆڵینەوەی وردتر هێڵدراونەتەوە.

ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵداکراوە هێزە ئەمنیەکانیان بەوە تۆمەتبارکردووە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا ئەشکەنجەیانداون.

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بڵاویکردەوە زانیاریان بەدەستگەیشتووە لە مانگی حوزەیراندا ١٧ کەس لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراقی و پۆلیسی فیدڕاڵیەوە لەسێدارەدراون کە لە شەڕی باکوری ڕۆژئاوای فەلوجەدا هەڵاتبوون.

ڕێکخراوەکە نیگەرانی نیشاندا دەربارەی ئەوەی ژمارەیەک لە ئاوارەکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی سەر بە حکومەت و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقەوە ئەشکەنجەدراون یاخود کوژراون.

پێشتریش حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە ، هەر ڕووداوێکی توندوتیژی هەبێت دەهێندرێتە بەردەم دادگا.






سەرچاوەكان
Top