هادی عامری هەڕەشە لە سوننەکانی عێراق دەکات
هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر و یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، کە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە رەزامەندیی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەشدارییان لە شەڕی رزگارکردنەوەی فەللوجەدا کردووە.
هادی عامری هەڕەشەی لە هێز و هاووڵاتییە سوننەکانی عێراق کردووە، کە بە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ ناڕازین و رایدەگەیەنێت، ”هیچ لایەنێک لە عێراق ناتوانێ رێگریمان لێبکات“.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
باسنيوز
