نەتەوەیەكگرتووەكان: هێرشە چاوەڕوانكراوەكانی عیراق لەدژی داعش زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارەیان لێدەكەوێتەوە

نەتەوەیەكگرتووەكان: هێرشە چاوەڕوانكراوەكانی عیراق لەدژی داعش زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارەیان لێدەكەوێتەوە
رێكخەری كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعیراق رایگەیاند: هێرشە سەربازییە چاوەڕوانكراوەكانی عیراق لەدژی داعش لەنێویاندا پڕۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ پێدەچێت ببنەهۆی ئاوارەبونی لانی كەم 2 ملیۆن‌و 300 هەزار كەس.

لیز گرانت رێكخەری كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعیراق لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆیتەرز كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردوە جگە لەو ژمارەیەك پێدەچێت هەر لەم ساڵدا 430 هەزار كەسی تر لەپارێزگای ئەنبار ئاوارە ببن (شارۆچكەی فەلوجە تادەگاتە خۆرئاوا بەرەو سنووری سوریا دەگرێتەوە).

لەماوەی شەش مانگی رابردوودا سوپای عیراق‌و هێزە چەكدارەكانی دیكە ژمارەیەك شارۆچكەی سەر بەپارێزگای ئەنبار-یان لەچنگی داعش دەرهێنا، لەئێستاشدا پێشڕەوییەكان بەرەو دۆڵی رووباری فوڕات‌و بەرەو شارۆچكەی قائیم بەردەوامە.

لیز گرانت كە پێشتر لە چوارچێوەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە باشوری سۆدان، ئەرمینیا، كۆماری كۆنگۆی دیموكرات‌و هیندستان كاریكردووە ئەوەشی خستەڕوو، مەترسیدارترین سیناریۆ لە شاری موسڵە كە پێشبینی ئاورەبوونی زیاتر لە ملیۆنێك كەس دەكرێت.

دوێنێ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان پلانی‌ فریاكەوتنی‌ مرۆیی‌ راگەیاند كە پێشبینی‌ دەكات 500 هەزار كەسی دیكە لەموسڵەوە ئاوارەی‌ هەرێم ببن، داواش لەكۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی‌‌و حكومەتی‌ عێراق دەكات بڕی‌ 275 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو مەبەستە دابین بكەن.

گرانت وتیشی"هەوڵدەدەین لەئێستاوە پێداویستی‌و هێڵەكانی فریاگوزاریی ئامادەبكەین، بۆ ئەو كارەش تەنها بەرێژەی 30%ی ئەو بڕە پارەیە دابینكراوە كە پێشتر داوامانكردبوو".

لەماوەی رابردوودا كۆمەڵگە مرۆییەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان داوایانكردبوو بۆ ئەمساڵ بڕی 861 ملیۆن دۆلار كۆبكرێتەوە بۆ بەهاناوە چوونی زیاتر لە 7 ملیۆن و 300 هەزار هاوڵاتی عیراقی لەناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە، بەڵام تائێستا تەنها بڕی 266 ملیۆن دۆلار كۆكراوەتەوە.

پێشتریش نەتەوەیەكگرتووەكان بڵاویكردبۆوە، بەهۆی ململانێكانی ناوخۆی عیراق زیاتر لە 3 ملیۆن‌و 400 هەزار كەس لەناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە ماڵ‌و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، لەم مانگەشدا بەهۆی پڕۆسەی ئازادكردنەوەی شارۆچكەی فەلوجە لەچنگی داعش زیاتر لە 85 هەزار كەس هەڵاتوون و ئاوارەی دەرەوەی ئەو شارۆچكەیە بوون.

لەسەرەتای ساڵی 2014 رێكخراوی داعش بەشێكی زۆر لە خاكی عیراقی داگیركرد، لەئێستاشدا چەند ناوچەیەك لەژێر دەستی ئەو رێكخراوە ئازادكراوەو هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئازادكردنی تەواوی ناوچەكان بەتایبەت شاری موسڵ.

لەساڵی رابردووەوە تائێستا بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق لەلایەك‌و یەكینەكانی پاراستنی گەل‌و هێزی سوریای دیموكرات لەلایەكی تر، داعش بەشێكی زۆر لەو زەویانەی لەدەستداوە كە لە عیراق و سوریادا دەستی بەسەرداگرتبوون.
Top