عەبادی بە فەرمی مامەڵە لەگەڵ پەکەکە دەکات
سامان فەتاح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: “حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا ستایشی پەکەکەی کرد و گوتی، ئەوان ڕۆڵی قارەمانانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا دەبینن”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوە کرد کە لە عێراقدا، کارئاسانی بۆ پەکەکە دەکرێت، چونکە پارتێکی قەدەغەکراو نییە. گوتیشی: “حکوومەتی عێراق وەکوو پارتێکی فەرمی مامەڵە لەگەڵ پەکەکە دەکات”.
لە لایەن خۆشیەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: “تێناگەین حکوومەتی عێراق بۆ هاوکاری پەکەکە دەکات؟ لە کاتێکدا پێشمەرگە شەڕی داعش دەکات و هاوکاری ناکات، بەتایبەتی لە شوێنێکی وەک شنگال، بۆیە عەبادی باش لەوە گەیشتووە کە کوردستان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی دەنێت و دەبێت نەیارێک لە کوردستان پەیدا بکات، بۆ ئەوەی دژی سەربەخۆیی بوەستێتەوە”. ڕوونیشی کردەوە: “ئەگەر نەیاری سەربەخۆیی کورد بێت، بۆ عەبادی ئاسانترە، ئەو باش لەوە دڵنیایە کە هەرێمی کوردستان جیابوویەوە، ئیتر عێراق نامێنێت، بۆیە دەیەوێت گرفت دروست بکات، ئەویش لە ڕێگای خورماتوو کە ئێستا حەشدی شەعبی بۆ هێناوە، هەروەها لە شنگال کە تێیدا پەکەکە بەکار دەهێنێت”. جەختیشی لەوە کردەوە کە عەبادی ناتوانێت “ئەو یارییە” بباتەوە.
