حکوومەتی عێراق ژمارەیەک ئەفسەر و پۆلیس دەستگیر دەکات
نووسینگەی رۆژنامەوانی رەسول سەباح ئەلتائی، پەرلەمانتاری عێراق لەفراکسیۆنی ئەحرار لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، وەزارەتی ناوخۆ لەچوارچێوەی ھەڵمەتەکەدا ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتەکەی راپێچی زیندانەکان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و ھەڕەشەی لەسەرکار لابردنیان کراوە.
رەسول سەباح ئەلتائی داوا لەحەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەکات لەدۆسیەی ئەو دەستگیرکراوانەدا بکۆڵنەوە و ھەوڵی ئازادکردنیان بدەن.
بەپێی نوسراوێکی نھێنی و تایبەتی ئاژانسی ھەواڵگریی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی عێراق، کە بەژمارە 189 لە 24ـی ئایاری 2016 ئاراستەی نووسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق کراوە و وێنەیەکی گەیشتووەتە (باسنیوز)، زانیاری لەسەر ژمارەیەک ئەفسەر، پۆلیس و کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ ئاراستەی وەزیر کراوە و ئاماژە بەوەدراوە، کە بەشدارییان لەخۆپیشاندانی رۆژی 30ـی نیسانی 2016ی ناوچەی سەوز لەبەغدای پایتەختی عێراق کردووە.
