عەبادی هەڕەشە لە بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات

عەبادی هەڕەشە لە بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێک بۆ ”سیاسەتمەدارە داعشەکان“ دەنێرێت و رایدەگەیەنێت، لە ”چاکسازی و دژایەتیی گەندەڵی“ پەشیمان نابێتەوە.



حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی کۆ بوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەری عەشیرەتەکانی پارێزگای نەجەف رایگەیاند، کە رێکخراوی توندڕەوی داعش ”پرۆژەیەکی بێگانەیە، بەڵام پاڵەوانانمان پرۆژەکەیان شکست پێهێنا“.



حەیدەر عەبادی هەروەها رایگەیاندووە، کە وێڕای بوونی چەکدارانی داعش لە عێراق، ”سیاسەتمەداری داعشی، رۆنامەنووسی داعشی و گەندەڵیی داعشیشمان هەیە“.



سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن ”شێت بوون بە سەرکەوتنەکانی هێزەکانمان و رزگارکردنەوەی فەللوجە“ و هەڕەشەی بە سزا گەیاندنی هەموو ئەوانەشی کرد، کە بەشداربوونە لە کوشتنی هاووڵاتییانی عێراق و داگیرکاریی داعش.



حەیدەر عەبادی هەروەها پەیامێکی بۆ ”سیاسەتمەدارە داعشەکان“ ناردووە و تێیدا رایگەیاندووە، کە لە پرۆژەی ”چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی“ ناوەستێت.



رۆژی هەینی 17ـی حوزەیرانی 2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رزگارکردنەوەی زۆرینەی ناوچەکانی فەللوجەی راگەیاند.



لە میانەی شەڕەکانی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی چەکدارە شیعەکان بڵاو بووەتەوە، کە ئازاری هاووڵاتییە سوننەکانی فەللوجە دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن. هەروەها وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە نزیک شارۆچکەکە بڵاو بووەوە، کە حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هاتووە بۆ راوێژکردن بە هێزە عێراقییەکان.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 23ـی ئایاری 2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند.



فەللوجە شارۆچکەیەکی سوننەنشینی پارێزگای ئەنبارە، لەگەڵ شاری مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیرکراوە.







باسنیوز
Top