70 هەزار کەس لە دانیشتووانی فەللوجە و دەوروبەری رزگارکراون
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند" بەهۆی هەوڵەکانی حکومەت نزیکەی 70 هەزار کەس لە دانیشتووانی فەللوجە و دەوروبەری لەژێر دەستی داعش رزگاریان بووە و رەوانەی ناوچە ئارامەکان کراون".
سەعد حەدیسی گوتی" سەرەڕای ئەو تەحەدیاتە ئەمنی و داراییانەی رووبەڕووی حکومەت بوونەتەوە، حکومەت توانیویەتی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ ئاوارەکان دابین بکات".
گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت لە هاوکاریکردن و دابینکردنی پێداویستی ئاوارەکان بەردەوامدەبێت و ئامادەکاریش بۆ ئەو شەپۆڵە ئاوارەبوونە نوێیە دەکات، کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دروست دەبێت.
