پلانی فریاكەوتنی مرۆیی ئازادكردنی مووسڵ ڕاگەیەنرا
كەریم سنجاری، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە وەکالە لە كۆبوونەوەی ڕاگەیاندنی پلانەكەدا گوتی: "سەرجەم پێكهاتە و دەزگاكانی ناو هەرێمی كوردستان وەك یەك تیم كاریان كردووە بۆ ئەو فریاكەوتنی مرۆیی ئەو ئاوارانەی كە دوای داگیركردنی شاری مووسڵ و دەوروبەری ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، هاتنی ئەو ئاوارانە كاریگەریی نەرێنیی كردە سەر ئابووری هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە لەپێناو سەقامگیریی ئاسایشدا قوربانی دەدات كە هەرگیز قەرەبوو ناكرێنەوە".
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئێمە هەموو هاوكارییەك بۆ خزمەتی مرۆیی لە پارێزگای نەینەوا دەخەینەڕوو، ڕۆژانەش ئێمە پێشوازی لە هەڵاتوانی ژێر دەستی داعش و ئاوارەی تازە دەكەین، بۆیە ئێمە پێویستمان بە هاوكاریی هەموو لایەك هەیە لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە كۆمەك بەخشەكان و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش. تاكوو ئەم گوشارە ئابووری و ئەمنییەی لەسەرمانە كەم بكرێتەوە.
پلانی فریاكەوتنی مرۆیی هاوبەش پوختەی ئامادەكراوی پێداویستیی و پێشبینییەكانە و ئێستا و پێویستییەكانییەتی بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی دەشتی نەینەوا و شاری مووسڵ.
باسنیوز
