ئەمریکا بڕیاری رەوانەکردنی 20 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارە ناوخۆییەکانی عیراق راگەیاند.
جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا لەبارەی دۆخی ئەو هاوڵاتیە عیراقیانەی بەهۆی شەڕەوە ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکە بوون، وتی "بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکانی ئەمدواییەی عیراق و لە وەڵامی داواکانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR) بۆ بەهاناوەچوون و پێویستیی بەپەلەی شاری فەلوجە، ئەمریکا ئەمڕۆ پێدانی 20 ملیۆن دۆلار بە رێکخراوی ناوبراو لە عیراقدا رادەگەیەنێت".
وتیشی "ئەم بڕە بەشێک دەبێت لە پاکێجێکی گەورەتری هاوکاریی مرۆیی کە لە کۆتایی ئەمساڵدا رادەگەیەندرێت. کەواتە یارمەتیی زیاتر بەرێوەیە".
زیاتر لە 3.3 ملیۆن هاوڵاتیی عیراقی لە دوای ساڵی 2014ەوە تاکو ئێستا بوونەتە ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکەیان. چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەم رێژەیە زیاتربێت.
جۆن كێربی وتی "ئاوارەبونی خەڵكیان بە دیاریکراوی لە فەلوجەدا بینیوە".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیە عیراقیانەی دانیشتووی شاری فەلوجە بوون و لە ئێستادا شارەکەیان جێهێشتووە، كێربی رایگەیاند بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 85 هەزار دانیشتووی فەلوجە تاکو ئێستا شارەکەیان جێهێشتووە. "دوێنێ باسمان لە سەروو 80 هەزار هاوڵاتیی مەدەنی کرد. لەم کاتەدا خەمڵاندنی نەتەوەیەكگرتووەكان 85 هەزار هاوڵاتییە".
UNHCR هەماهەنگی، بەڕێوەبردن و پارێزگاریکردنی کەمپی ئاوارە ناوخۆییەکانی فەلوجەی وەک کاری سەرەکی و هەرە لەپێشی خۆی لە شارەکەدا ناساندووە. پێداویستییەکانی دیکە بریتین لە دابینکردنی ئاو ، پەناگە و خواردن بۆ ئاوارەکان.
جۆن كێربی دەڵێت "رێکخراوەکانی هاوکاریی مرۆیی رووبەڕووی قەیرانەکان دەبنەوە، بەڵام لە ئێستادا بە رێژەیەکی زۆر هاوکاریی دارایی پێویستە و داوا لە حکومەتەکانی دیکە دەکەین، کە هاوشێوەی ئێمە، لە عیراقدا بەدەم داواکاریی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بێن".
لە بارەی شێوازی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی فەلوجە و پێشڕەوییەکانی سوپای عیراق لە ناوخۆی شارەکەدا، پیتەر كوك وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا، وتی "هێزە ئەمنییەکانی عیراق، بە پشتیوانی دەزگای دژەتیرۆری وڵاتەکە بۆ بەردەوامیدان بە بەرەوپێشچوونی هێزەکان، توانیویانە نزیکەی سێ یەکی شارەکە لە چەکدارانی داعش پاک بکەنەوە و هێزە عیراقییەکان لە پێشڕەویدان و بە رێژەی لە سەدا 5 بۆ 10 لە رۆژێکدا".
وتیشی "هێزەکان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنیی شارەکە بە وریاییەوە مامەڵەدەکەن و تاکو ئەو ئاستەی بگونجێت هەوڵی کەمکردنەوەی ئاستی زیانەکان دەدەن".
ناوبراو لەبارەی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، رایگەیاند "بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی هێزە عیراقییەکان و لە چوار هەفتەی رابردودا 85 هێرشی ئاسمانیمان ئەنجامداوە. چوار هێرش لە 24 کاتژمێری رابردوودا و رۆژانە لە شەڕی فەلوجەدا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدەدەین".
پیتەر كوك راشیگەیاند، هێزە عیراقییەکان لە چەند میحوەرێکەوە بەرەو گەیارە لە پێشڕەویدان و ئەو هێزانەی لە بێجی-یەوە بەرەو باکور رووبەڕووی داعش دەبنەوە شەش کیلۆمەتریان کۆنترۆڵکردووەتەوە.
خەندان
