بەوێنە؛ دۆزینەوەی چەند گرتووخانەیەكی داعش لە فەلوجە

بەوێنە؛ دۆزینەوەی چەند گرتووخانەیەكی داعش لە فەلوجە
پۆلیسی فیدراڵی دۆزینەوەی چەند گرتوخانەیەكی سەر بە رێكخراوی داعشی لە یەكێك لە ناوچەكانی شاری فەلوجە راگەیاند.

فەریق رائید جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی رایگەیاند"هێزەكانمان چوونەتە نێو بەناو دادگای شەرعی داعش لە گەڕەكی نیزال و چەند گرتوخانەیەكی ئەشكەنجەدانیان تێیدا دۆزییەوە".

جەودەت لەبەیاننامەیەكدا كە لە پەیجی فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە رایگەیاندووە، گرتوخانەكان لەنێو دادگاكەدا بەسەر چەند شوێنێكدا دابەش بووە.

رونیشیكردەوە، یەكێك لە شوێنەكان گرتوخانەیەكی تایبەتە بە ئەندامانی داعش، گرتوخانەیەكی تر بۆ ئەوانەی كە ناوی رەعیەتیان لێناون و
گرتوخانەیەكی بچوكیش تایبەت بووە بۆ ئەوانەی كە سەر بە هێزە ئەمنییەكانن و لەلایەن داعشەوە دەستگیركرابوون.

دوێنێ‌ هەینی، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، چەند شوێنێكی كەم لەژێر چنگی داعش لە فەلوجەدا ماوە و رزگاركردنی تەواوەتی شارەكە نزیكبووەتەوە.

جەختیشیكردەوە، لە عیراقدا جێگەی تیرۆریستانی داعش نابێتەوە و عیراق شوێنی ئەوان نییە.

هەر دوێنێ وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عیراق باسی لە سەركەوتنی گەورەی هێزە ئەمنیەكانی كرد و رایگەیاندبوو ئاڵای عیراق لە سەنتەری شاری فەلوجە هەڵكرا.

سەباح نوعمان وتەبێژ بە ناوی دەزگای دژە تێروری عیراق لە لێدوانێكی تایبەتدا ئاماژەی بەوەكردبوو، هێزەكانیان بە هاوكاری هێزی ئاسمانی عیراق توانیویانە ناوچەی "سەناعە" كە دەكەوێتە سەنتەری شاری فەلوجە لە چەكدارانی داعش پاك بكەنەوە و ئاڵای عیراق لەو ناوچەیە هەڵبكەن.

لە كانونی دووەمی 2014، چەكدارانی تیرۆرستی داعش كۆنترۆڵی قەزای فەلوجە-یان كرد كە سەر بە پارێزی ئەنبارەو 60 كیلۆمەتر لە باكوری خۆرئاوای بەغدای پایتەخت دوورە.

دوای كۆنترۆڵكردنیشی لەلایەن داعش، سوپای عیراق لەسەرجەم دەروازەكانییەوە گەمارۆی خستە سەر ئەو قەزایە و رێگەی هاتن و چوونی قەدەغەكرد، ئەوەش وایكرد دانیشتووانەكەی لەلایەك رووبەڕووی هەڕەشەكانی داعش ببنەوە كەلەناو قەزاكەدا بوون، لەلایەكی تریشەوە رووبەڕووی برسێتی بوونەوە بەهۆی ئەوەی هیچ پێداویستییەكی رۆژانەیان بەدەست نەدەگەیشت.

رۆژی 23ی ئایاری ئەمساڵیش فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكان – تۆڕی میدیای جەنگ لەبەیاننامەیەكدا " پرۆسەی ئازادكردنەوەی فەلوجە"ی راگەیاند.

شاری فەلوجە بە یەكێك لە گرنگترین شارەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش دادەنرێت و كۆنترۆڵكردنەوەی بە هۆی نزیكی بە بەغدای پایتەختەوە گرنگیەكی زۆری بۆ حكومەتی عەبادی هەیە.
Top