وەزیری بەرگریی عێراق دەست پێکردنی شەڕی گەیارەی راگەیاند

 وەزیری بەرگریی عێراق دەست پێکردنی شەڕی گەیارەی راگەیاند
وەزیری بەرگریی عێراق دەست پێکردنی شەڕی رزگارکردنەوەی شارەدێی گەیارەی باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ راگەیاند.



محەمەد عەسکەری، راوێژکاری سەربازیی وەزارەتی بەرگری بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە فیرقەی نۆی زرێپۆش و فەوجەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە هاوکریی فڕکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و هێزی ئاسمانیی عێراقی، بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن.



محەمەد عەسکەری هەروەها رایگەیاند، کە سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 18ـی حوزەیرانی 2016، خالید ئەلعوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند و پێشیوایە، کە شاردێی گەیارە گرنگترین بنکەی ئیداری و ئاسمانی و ستراتیژییە، بۆ کۆکردنەوەی هێزەکان و هێرشکردنیان بۆ سەر مووسڵ.



چەکدارانی داعش دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.


باسنيوز
Top