عەبادی: لە چەند كاتژمێری داهاتوو فەلوجە بە تەواوەتی ئازاد دەكرێت

عەبادی: لە چەند كاتژمێری داهاتوو فەلوجە بە تەواوەتی ئازاد دەكرێت
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، لەچەند كاتژمێری داهاتوودا شاری فەلوجە بە تەواوەتی لە چنگی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش رزگاردەكرێت.

عەبادی ئاماژەی بە مانەوەی چەند شوێنێكی كەم كرد لەژێر چنگی داعش لە فەلوجە و جەختی لەسەر رزگاركردنی شارەكە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا كردەوە، نزیكبوونەوەی سەركەوتنی تەواوەتیشی بەسەر داعشدا لە شاری موسڵ راگەیاند.

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، كۆنترۆڵكردنەوەی سەنتەری شاری فەلوجەی راگەیاند و رونیشكردەوە كە هێزە ئەمنییەكان بەمنزیكانە شارەكە لە تیرۆریستان پاكدەنەوە.

عەبادی لە وتارێكیدا كە لەڕێی تەلەفیزیۆنەوە پەخشكرا رایگەیاند:"فەلوجە گەڕایەوە ئامێزی نیشتیمان و هێزەكانمان بە تەواوەتی قەزای فەلوجەیان كۆنترۆڵكردووە"، داواشی لە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت كرد، تەواوی هەوڵەكانی خۆیان بخەنەگەڕ لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی.

عەبادی بە تیرۆریستانی داعشی راگەیاند كە لە عیراقدا جێگەیان نابێتەوە و عیراق شوێنی ئەوان نییە.

سەرۆك وەزیرانی عیراق بە هاوڵاتیانی فەلوجەشی راگەیاند كە هێزە ئەمنییەكان لەپێناو رزگاركردنی شارەكەیان قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە ئاشتی و ئارامی بژین تێیدا و ئاوەرەكان بگێڕنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵێنیشدا هەموو هەوڵەكان بخاتەگەڕ بۆ گێڕانەوەی دانیشتووی شارە بۆ فەلوجە لەپاش پاككردنەوەی تەواوەتی لە تیرۆریستان.

دوای ٢٣ رۆژ لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیونی رزگار كردنی فەلوجە ، ئەمڕۆ وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عیراق باسى لە سەركەوتنی گەورەی هێزە ئەمنیەكانی كرد ورایگەیاند :" ئاڵای عیراق لە سەنتەری شاری فەلوجە هەڵكرا".

سەباح نوعمان وتەبێژ بە ناوی دەزگای دژە تێروری عیراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بە خەندانی راگەیاندبوو، هێزەكانیان بە هاوكاری هێزی ئاسمانی عیراق توانیویانە ناوچەی "سەناعە" كە دەكەوێتە سەنتەری شاری فەلوجە لە چەكدارانی داعش پاك بكەنەوە و ئاڵای عیراق لەو ناوچەیە هەڵبكەن.

بە وتەوی نوعمان، ئیستا ناوچەی باشوری شاری فەلوجە تا سەنتەری ئەو شارە لە چەكدارانی داعش پاككراوەتەوە پێشڕەویەكانیشیان بەردەوامە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی شارۆچكەكە.

كانونی دووەمی 2014 چەكدارانی تیرۆرستی داعش كۆنترۆڵی قەزای فەلوجە-یان كرد كە سەر بە پارێزی ئەنبارەو 60 كیلۆمەتر لە باكوری خۆرئاوای بەغدای پایتەخت دوورە.

دوای كۆنترۆڵكردنیشی لەلایەن داعش، سوپای عیراق لەسەرجەم دەروازەكانییەوە گەمارۆی خستە سەر ئەو قەزایە و رێگەی هاتن و چوونی قەدەغەكرد، ئەوەش وایكرد دانیشتووانەكەی لەلایەك رووبەڕووی هەڕەشەكانی داعش ببنەوە كەلەناو قەزاكەدا بوون، لەلایەكی تریشەوە رووبەڕووی برسێتی بوونەوە بەهۆی ئەوەی هیچ پێداویستییەكی رۆژانەیان بەدەست نەدەگەیشت.

رۆژی 23ی ئایاری ئەمساڵیش فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكان – تۆڕی میدیای جەنگ لەبەیاننامەیەكدا " پرۆسەی ئازادكردنەوەی فەلوجە"ی راگەیاند.

شاری فەلوجە بە یەكێك لە گرنگترین شارەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش دادەنرێت و كۆنترۆڵكردنەوەی بە هۆی نزیكی بە بەغدای پایتەختەوە گرنگیەكی زۆری بۆ حكومەتی عەبادی هەیە.
Top