سیستانی: فەتوای کوشتنی سوننەم نەداوە
بەپێی گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان، چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب، دوای رزگارکردنەوەی چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی فەللوجە و دیالە، ئازاری هاووڵاتییە سوننەکان دەدەن و لە بەشێک لەو گرتانە، چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننە بە زیندوویی دەسووتێنن.
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە رێی وەکیلەکانییەوە رایگەیاندووە، کە ئەوکاتەی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014 هێرشی کرد و دوای شکست و هەرەسهێنانی سوپای عێراق چەند شارێکی داگیرکرد، ئەو فەتوای ”بەرگریی پیرۆز“ی دەرکردووە، بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان.
عەلی سیستانی لە پەیامەکەیدا بۆ چەکدارە شیعەکان، رایگەیاندووە، سوننە و شیعەکان خەڵکی عێراقن و بە پێویستی دەزانێت چەکدارانی حەشدی شەعبی هاوکاریی هەموو هاووڵاتییان بکەن و ”خۆراک و ئاسایشیان بۆ بگەڕێننەوە“.
دوای هێرشی داعش و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، کە بووە هۆی داگیرکرانی زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار، ئەو مەرجەعەی باڵایەی شیعەکان فەتوای دروستکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دا و حکوومەتی عێراقیش ئەو میلیشیایانەی بە فەرمیی ناساند.
باسنيوز
