عەبادی فەرمانبەری گرێبەست دەكاتە بەڕێوەبەری گشتی
رۆژی 6/6/2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری لەكارلابردنی بەڕێوەبەری گشتی بانكەكانی رەشید، رافیدەین، عەقاری، پیشەسازی و بازرگانی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی عێراقی دەركرد و خەڵكی دیكەی لە شوێنیان دانا. راگەیاندنی ئەو قۆناغەی چاكسازیش لەلایەن عەبادییەوە بەبێ كاردانەوە نەبوو، بەتایبەتی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە.
عادل نوری، گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند : ئەو رۆژەی عەبادی ئەو بەرپرسانەی لابرد، دەستخۆشیمان لێكرد و داوامان لێكردووە ناوەكانیان بدرێنە فڕۆكەخانە و بازگەكان بۆ ئەوەی رێگەی دەرچوونیان لە عێراق پێنەدرێت تا ئەو كاتەی لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەكرێَت".
بەڵام ناوبراو رەخنەی لە دانانی بەرپرسە نوێیەكان هەیە و دەڵێت "ئەوەی جێی سەرسوڕمان و شۆك بوو بۆمان، بەبێ پرس و راوێژی ئەو دەزگایانە، عەبادی ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی خستووەتە شوێنیان، بە تایبەتیش لە كەرتی بانكی كە فەرمانبەری گرێبەست بوون و بۆیان نییە ئەو پۆستانە وەربگرن، لە كاتێكدا بەپێی یاسا دەبێت بەڕێوەبەری گشتی لە 10 ساڵ زیاتر خزمەتی هەبێت".
وەكو عادل نوری ئاماژەی بۆ كرد، لە دەزگاكاندا هەندێك كار هەیە نابێت فەرمانبەری گرێبەست بیكات، لەوانەش واژۆكردن لەسەر كۆمەڵێك چەك و پارە و لیژنە "ناكرێت فەرمانبەرێكی لەو شێوەیە بكرێتە بەڕێوەبەری گشتی بانكێك كە بە ملیاران دۆلاری لەبەردەستی دایە، جگە لەوەش بە دەیان لقی لاوەكییان هەیە، بۆیە عەبادی یاساشكێنییەكی روون و ئاشكرای كردووە".
لیژنەی دەستپاكی تێبینییان لەسەر سەرۆكی دەزگای هەواڵگریش هەیە، عادل نووری گوتی "سەرۆكی نوێی ئەو دەزگایە پێشتر راوێژكاری دەزگاكە بووە و هیچ پلەیەكی سەربازی نەبووە، لە كاتێكدا ئێستا زۆرترین كێشەی ئەمنی و سیاسییمان هەیە".
گۆڕینی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووەتە مایەی نیگەرانیی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران و بەنیازن دانیشتنێك بۆ ئەو مەبەستە بكەن. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەو لیژنەیە راگەیاند "بۆ گۆڕینی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ناڕەزاییمان هەیە و نایاساییە، چونكە گۆڕینی ئەو پۆستە وەكو بەڕێوەبەرە گشتییەكان نییە و دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت، بەڵام دیارە عەبادی بڕیاری داوە تاكڕەوانە حوكم بكات".
هەر لەوبارەوە ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوت كە عەبادی كارێكی باشی كردووە بەرپرسی پێشووی ئەو بانكانەی لابردووە، چونكە گومانی گەندەڵییان لێكراوە، گوتیشی "لەڕووی یاساییەوە ئاگاداری چۆنیەتی دانانی بەرپرسە نوێیەكان نیم كە ئاخۆ دەسەڵاتی عەبادییە یاخود نا، بەڵام لەلایەن لیژنەكەمانەوە نامەیەكمان بۆ هاتووە و دەڵێت بەتەمەنترین بەڕێوەبەریان تەمەنی 36 ساڵە و گرێبەست بوون".
ئەحمەد حاجی رەشید كە پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە لە ئەنجوونی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە ئەو گۆڕانكارییانە شەڕی نێوان عەبادی و نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقە و گوتی "ئەسڵی گۆڕینی ئەو بەرپرسی بانكانە بەهۆی ململانێی حەیدەر عەبادی و نووری مالیكییە، لەبەرئەوەی پێشتر لەلایەن مالیكییەوە دانرابوون ، بەڵام عەبادی پڕۆژەكەی مالیكی تێكدا، بەدڵنیاییشەوە عەبادی كەسانی نزیك لە خۆی دادەنێت".
سەرۆكی تۆڕی راگەیاندنی عێراق كە بەڕێوەبەری گشتی جێبەجێكردنە و پلەكەشی بریكاری وەزیرە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەزگاكەوە كە نۆ كەسن دادەنرێت، بەڵام سەرۆكە نوێیەكە بە وەكالەت لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە دەستنیشان كراوە.
شوان داودی، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن گوت : گۆڕانكاری سەرۆكی تۆڕی راگەیاندن وەكو بانكەكان نییە لادرابێت، بەڵكو خۆی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ خانەنشینبوون پێشكەشكردووە و جێگرەكەشی بە وەكالەت دانراوە. داودی گوتیشی "یاسای تۆڕەكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و كاتێك ئەندامانی داندرانەوە، خۆیان سەرۆكی تۆڕەكە دیاری دەكەن و پاشان دەبێت سەرۆكی دەزگا و ئەنجوومەنەكەش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێن".
زانا رووستایی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان رایەكی پێچەوانەی بۆ دانانی بەڕێوەبەری گشتی بانكەكان هەیە كە پێشتر گرێبەست بوون. رووستایی بە (رووداو)ی گوت "ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانە وەكو بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتەكان نین، بەڵكو پلەكەیان تایبەتە و بەپێی یاسای خزمەتی گشتیش دەكرێت بگۆڕدرێن، بەڵام دواجار دەبێت ئەو گۆڕانكارییە بهێندرێنەوە پەرلەمان كە ئاخۆ پەسەند یان رەتدەكرێنەوە، بە قسەی عەبادیش چەند ساڵێك كاریان كردووە".
وەكو لیژنەی دارایی دەڵێن بەتەمەنترینیان تەمەنی 36 ساڵە، ئاخۆ لەڕووی یاساییەوە گونجاوە، رووستایی گوتی "بۆ پلەكان مەرجی تەمەنیان نییە، بەڵام لە یاساكەدا باسی ئەوە دەكات كە هەندێك لەو پلانە دەبێت 10 یاخود 12 ساڵ خزمەتیان هەبێت و پێویستە رەچاوی ئەوە بكرێت، جگە لەوەش یاسای بانكەكە ساڵی خزمەتی بۆ ئەو پۆستانە دیاری كردووە".
عەبادی كاتێك بڕیاریدا ئەو گۆڕانكارییانە بكات كە پەرلەمان لە پشووی یاساییدا بوو، بەڵام بۆ پەسەندكردنیان دەبێت دیسانەوە رەزامەندی پەرلەمانیان بۆ وەربگرێت كە وا بڕیارە مانگێكی دیكە دانیشتنەكانی دەستپێبكاتەوە، لیژنەی دەستپاكیش هەڕەشەی هەڵوەشانەوە بۆ ئەو گۆڕانكارییانە دەكەن.
عادل نووری گوتی "وەكو لیژنەی دەستپاكی كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی بەرێز حەیدەر عەبادی دەكەین، سەرەتا ئەو سەرپێچی یاساییە رەوانەی دەستەی دەستپاكی دەكەین و دواتر لە بەدواداچوونی خۆمان بەردەوام دەبین".
رووداو
