"عەبادی جیددی نییە لە قسەكانیدا؛ هیچ سەرۆكوەزیرانێك هێندە قسەی خۆی نەشكاندووە"

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، (عەبادی) جیددی نییە لە قسەكانیدا و هەركاتێ هەست بكات زۆری بۆ هاتووە و دەیانەوێ بیگۆڕن، پەنا دێنێتەوە بەر هەرێمی كوردستان.

بە گوێرەی زانیارییەکان "لە دوایین كۆبوونەی سەرۆكی فراكسیۆنە كوردەكان و (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق، عەبادی داوای كردووە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارە بكرێت. هەروەها داوایشی كردووە كە شاندەكە چەند ڕۆژێك لە بەغدا بمێننەوە."

(دكتۆر عەرەفات كەرەم) ڕاگەیاند: "لە ساڵی 1921ـەوە تا ئەمڕۆكەیش هەركاتێك حكوومەتەكانی عێراق و سەركردەكانی هەستیان بە لاوازی كردبێت، داوایان كردووە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێت. هەركاتێكیش ڕەوشیان باش بوویەوە ئەسڵەن هیچ ڕێكەوتن و پەیمانێكیان لەبیر نامێنێت و، شتێك بەناوی كورد لە لای ئەوان بوونی نابێت. پێم وایە عەبادیش جدی نییە لە قسەكانیدا. شاندی هەرێم ئامادەیە بە مانگ لە بەغدا بمێنێتەوە بەڵام نیەتی ئەوان هەر دەسخەڕۆکردنە."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوونیشی كردەوە کە "هەركاتێ عەبادی هەست بكات وڵاتانی هەرێمی یان هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان دەیانەوێ بیگۆڕن، ئەو كاتە پەنا دێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان. جا بۆیە پێویست ناكات هیچ شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات."

(كەرەم) ئاماژەیشی دا: "خۆ ئێمە خەریكە لە بارودۆخە دژوارەكانمان تێپەڕ دەبین، ئیتر كێشەی بەغدا چارەسەر بكرێت یاخود نا هیچ سوودێكی بۆ كوردستان نابێت و بەغدایش ئەو نیەتەی نییە بە جدی كێشەی كورد چارەسەر بكات. ئەم قسانەی عەبادییش بۆ ئەوەیە كە لە كاتی تەنگانەدا سوود لە ئێمەی كورد وەربگرێت. ئێمە زۆر تەجرەبەی لەم شێوەیەمان لەگەڵ عەبادیدا هەیە و هیچ سەرۆكوەزیرانێك هێندەی عەبادی قسەی نەكردووە و لێی پەشیمان بووبێتەوە و قسەی خۆی شکاندبێت."
Top