هێزە عێراقییەکان سێ کیلۆمەتریان ماوە بگەنە سەنتەری فەللوجە

 هێزە عێراقییەکان سێ کیلۆمەتریان ماوە بگەنە سەنتەری فەللوجە
هێزە عێراقییەکان سەركەوتنی باشیان بەدەستهێناوە و تەنیا سێ کیلۆمەتریان ماوە بگەنە سەنتەری شارۆچكەی فەللوجە.

ژەنەراڵ عەبدولوەهاب سەعدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە، رۆژی هەینی 10-6-2016 رایگەیاند، هێزە عێراقییەکان لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.

عەبدولوەهاب سەعدی راشیگەیاند "هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق تەنیا سێ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری فەللوجەوە دوورن و چەند شوێنێکی سەرەکیشیان لە باشووری شارەکە کۆنترۆڵ کردووەتەوە".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە گوتیشی "رێکخراوی داعش ویستی شەڕە گەورەکە لەدەرەوەی شارەکەدا بکات، بەڵام هێزە عێراقییەکان توانیان سەرکەوتنی گەورە بەدەستبێنن و تەنانەت لەماوەی هەشت رۆژدا گەڕەکی شوهەدای شارەکەیان کۆنترۆڵکردەوە:.

بەگوتەی ژەنەڕاڵ عەبدولوەهاب، هێزە عێراقییەکان زۆربەی شوێنە سەرەکییەکانی باشووری فەللوجەیان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و تەنیا سێ کیلۆمەتریش لە سەرەکیترین باڵەخانەی فەرمی شارەکەوە لە ناوەندی فەللوجەوە دوورن.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە پێشبینی کرد لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا هێزە عێراقییەکان بگەنە سەنتەری فەللوجە.

ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە لە رۆژی 22ی مانگی رابردوو دەستیپێکردووە و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانیش لەڕێی بۆردوومانکردنی بارەگاکانی داعشەوە رۆڵێکی گەورە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەگێڕێت.
Top