خۆپیشاندان لە بەغدا دەستیپێكرد
ئەمشەو بە هەزاران كەس لەسەر داوای نوسینگەی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی تەحریر لەبەغدای پایتەخت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، خۆپیشاندەران داوادەكەن پەرلەمانی عیراق كارابكرێتەوەو چاكسازی لەناو حكومەتدا بكرێت.
ئەو خۆپیشاندانە دوای ئەوەدێت دوێنێ جابر ئەلجابری، بەڕێوەبەری نوسینگەی موقتەدا سەدر لەلێدوانێكدا راگەیاند "سبەی سێشەممە دوای بانگی ئێوارە تابانگی بەیانی لەژێر دروشمی لا كلل ولا ملل .. سلمیون أبداً (واتە: نەكۆڵ دەدەینو نەبێزار دەبین..تاسەر ئاشتی خوازین) خۆپیشاندانی گەلی عیراق بۆ چاكسازیو دژایەتی گەندەڵی لەهەموو شارو شارۆچكەكانی عیراق دەستپێدەكاتەوە".
بەڕێوەبەری نوسینگەی سەدر كە لەڕێی تەلەفۆنەوە قسەی كرد، وتیشی"ئەم خۆپیشاندانە زۆر جیاواز دەبێت لە خۆپیشاندانەكانی ڕابردوو، بەردەوام دەبینو ناوەستین تاڕاماڵینی هەموو گەندەڵكارانو ئەوانەی دەستیان بەسەر سەروەتو سامانی گەلی عیراقدا گرتووە".
لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لەنوسینگەی عەبادی تایبەت وت "سەرۆك وەزیران لەچوارچێوەی ئەو چاكسازیانەی كە دەستی پێكردووە فەرمانی خانەنشینكردنی بۆ هەر یەكە لەزاهیر غەرباوی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای هەواڵگری عیراقو حەمدیە جاف (كورد) بەڕێوەبەری گشتی بانكی بازرگانی عیراقو محەمەد عەبدولجەبار شەبوت بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی عیراقی دەركردووە".
خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی عیراق سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی رێكخراو داوای باشتركردنی رەوشی خزمەتگوزاری خەڵكیان دەكرد، دواتر رەوتی سەدر چوونە پاڵ خۆپیشادانەكانو بۆماوەی چەند مانگێكە ئەو رەوتە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكان دەكات.
گەورەترین ناوچەی خۆپیشاندانەكان گۆڕەپانی تەحریرە لەبەغدا، لە 18-3-2016دا لەدرێژەی نارەزاییەكانیاندا خۆپیشاندەران لەبەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا خێمەیان هەڵدا و دواتریش موقتەدا سەدڕی رابەری رەوتی سەدڕ بۆ پشتوانی كردن لە خۆپیشاندەران و فشار خستنەسەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بەمەبەستی پەلەكردن لە ئەنجامدانی چاكسازی، لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لە ژێر خێمەیەكدا مانگرتنی دەستپێكرد.
لە 30 نیسانی رابردووش خۆپیشاندەران هێرشیان كردەسەر تەلاری پەرلەمانو بەشێك لە پەرلەمانتاران، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمان نەیتوانی دەنگدان لەسەر كابینەی نوێی حكومەت تەواوبكات بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانیەوە.
