سەدر بۆ مالیكی: ئەوەی ماڵی لە شوشەبێت نابێت بەرد بگرێتە ماڵی كەس
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە ماڵپەڕی (الشهید الصدر) بڵاوكراوەتەوە، موقتەدا سەدر، داوای لەنوری مالیكی كردووە، ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی خۆی كراونەتەوە، رووبەڕووی ئەوانی دی نەكاتەوە.
لەبەیاننامەكەدا، وەڵامی سەدر خراوەتەڕوو بۆ یەكێك لە شوێنكەوتوانی كە پرسیاری لێكردووەو وتویەتی"لەپاش هەوڵی گەندەڵكاران و تاوانبارانو بەتاڵانبەرانی سامانی گشتی، بۆ شكستپێهێنانی خۆپیشاندەران، نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆمار تویتێكی بڵاوكردوەتەوە كەتێیدا هاتووە:(كەمبوونەوەی ئەوانەی بەدەم بانگهێشتنامەی رەوتەكانی سەدرو مەدەنییەوە دەچوون بۆ خۆپیشاندان، بەڵگەن لەسەر هۆشیاری و خەمخۆری جەماوەر بەرانبەر بە ئاسایشی وڵات و بەرژەوەندی هاوڵاتیان) ئێوە وەڵامتان بۆ ئەو قسانە چییە؟".
سەدر لە وەڵامدا رایگەیاندووە، مالیكیش بە هەمان شێوە لەپەرلەمانەوە بانگەشە بۆ مانگرتن دەكات لەپێناو چاكسازیدا، پاشەكشەكردن لەهەڵوێستی ئەوانیشدا هەیە بۆیە بەرلەوەی ئەو تۆمەتانە رووبەڕووی كەسانی تر بكاتەوە، پێویستە رووبەڕووی خۆی بكاتەوە.(ئەمەش وەك ئاماژەیەكە بەوەی هەندێك لەمانگرتووەكانی سەربە مالیكی كشاونەتەوە لەهەڵوێستەكانیان).
هەرلەبەیاننامەكەی سەدردا هاتووە"ئەوەی ماڵی لە شوشە بێت نابێت، بەرد بگرێتە ماڵی كەس".
خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی عیراق سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی رێكخراو داوای باشتركردنی رەوشی خزمەتگوزاری خەڵكیان دەكرد، دواتر رەوتی سەدر چوونە پاڵ خۆپیشاندانەكانو بۆماوەی چەند مانگێكە ئەو رەوتە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكان دەكات.
گەورەترین ناوچەی خۆپیشاندانەكان گۆڕەپانی تەحریرە لەبەغدا، لە 18-3-2016دا لەدرێژەی نارەزاییەكانیاندا خۆپیشاندەران لەبەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا خێمەیان هەڵداو دواتریش موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر بۆ پشتیوانی كردن لە خۆپیشاندەران و فشار خستنەسەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بەمەبەستی پەلەكردن لە ئەنجامدانی چاكسازی، لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لە ژێر خێمەیەكدا مانگرتنی دەستپێكرد.
لە 30 نیسانی رابردووش خۆپیشاندەران هێرشیان كردەسەر تەلاری پەرلەمانو بەشێك لە پەرلەمانتاران، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمان نەیتوانی دەنگدان لەسەر كابینەی نوێی حكومەت تەواوبكات بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانیەوە.
