سوننەکانی عێراق هۆشداری دەدەنە عەبادی لە پێشێلکارییەکانی فەللوجە

 سوننەکانی عێراق هۆشداری دەدەنە عەبادی لە پێشێلکارییەکانی فەللوجە
هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان کە هێزێکی سیاسی سوننەیە لە عێراق هۆشداری دەدەنە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەردەوامیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن "گرووپەکانی دەرەوەی یاسا" لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە، بەپێی هۆشدارییەکە پیشێلکارییەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر داهاتووی گەلانی عێراق.

هاوپەیمانییەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە: کردارەکانی ئەو گرووپانەی دەرەوەی یاسا کە پیشتر چەندین تاوانی رفاندن، کوشتن و پیشێلکاریان بەرامبەر خەڵکی سڤیلی راکردووی ژێر دەستی داعش لە شاری فەللوجە ئەنجامداوە، پێشێلکارییەکی حاشا هەڵنەگرە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانێکی گەورەیی نامرۆڤانەی ئەو گرووپانەیە لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەددین و باکووری بابل و ناوچەکانی دیکەی خەڵکی سوننە مەزهەبیان تێدا نیشتەجێیە.

بەپێی بەیاننامەکە تاوانەکانی ئەو گرووپانە کاریگەرییان لەسەر هەموو مژارەکانی دیکەی گۆرەپانی عێراقی دەبێت و لە کۆتاییدا تووندڕەوەکان قازانج لەم کردەوانە دەکەن.

دەرکردنی ئەم بەیاننامەیە دوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی دێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیاندا چەکدارانی حەشدی شەعبی دەردەکەون لەکاتێکدا ئازار و ئەشکەنجەی ئاوارەکانی فەللوجە دەدەن و بێڕێزییان پێدەکەن، ئەمەش ناڕەزایی و نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لای سوننەکان.









رووداو
Top