شارۆچكه‌ی سه‌قڵاوییه‌ له‌چه‌كدارانی داعش پاك كرایه‌وه‌

شارۆچكه‌ی سه‌قڵاوییه‌ له‌چه‌كدارانی داعش پاك كرایه‌وه‌
شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی سه‌قلاوییه‌ی له‌ چه‌كدارنی داعش ڕاگه‌یاند.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگی هێزه‌كانی فیرقه‌ی ١٤ سوپای عیراق به‌ هاوكاری هێزی حه‌شدی شه‌عبی ئاڵای عیراقیان له‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی سه‌قڵاوییه‌ به‌رزكردوه‌ته‌وه‌و شارۆچكه‌كه‌یان له‌ چه‌كدارانی داعش پاك كردۆته‌وه‌.
شارۆچكه‌ی سه‌قڵاوییه‌ كه‌وتوته‌ باكوری شاری فه‌لوجه‌و ٦٥ كیلۆمه‌تر له‌ به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ دوره‌و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی سوننه‌ مه‌زهه‌بن.

گرنگی سه‌قڵاوییه‌ له‌وه‌دایه‌ ته‌نها 10 كیلۆمه‌تر له‌فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی حه‌بانییه‌وه‌ دووره‌ كه‌ له‌ژێر ده‌ستی عیراقدایه‌و شوێنی سه‌ره‌كی راهێنانی هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌.

شارۆچكه‌ی فه‌لوجه‌ به‌ گرێ كوێره‌ی حكومه‌تی عیراق له‌دوای روخانی سه‌دام حسێن داده‌نرێت، ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ له‌ماوه‌ی 13 ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام جێگه‌ی نه‌یارانی حكومه‌تی عیراق بووه‌.

گرنگی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌ وای له‌حكومه‌تی عیراق كردوه‌ زۆر به‌ وردی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ بكات، چونكه‌ ده‌یزانی كه‌ ئاڕاسته‌ی خه‌ڵكی فه‌لوجه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌(زۆرینه‌ شیعه‌)كه‌ی عیراق نییه‌.

هه‌رئه‌وه‌ش وایكرد حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ ڕاوێژه‌كاره‌ ئه‌مریكی‌و ئێرانییه‌كان چه‌ندینجار كات‌و شێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی گۆڕی، به‌ڵام دره‌نگانی شه‌وی 22-5-2016 عه‌بادی كه‌ هاوكات فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراقه‌ ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌ی به‌ به‌شداری ده‌یان هه‌زار چه‌كداری پۆلیس‌و حه‌شدی شه‌عبی‌و حه‌شدی نیشتمانی‌و هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر راگه‌یاند.










خه‌ندان
Top