داعش 19 مێرمنداڵ لە شارۆچکەیەکی باشووری کەرکووک دەڕفێنێت

 داعش 19 مێرمنداڵ لە شارۆچکەیەکی باشووری کەرکووک دەڕفێنێت
چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش 19 مێرمنداڵی شارۆچکەی حەویجە لە باشووری کەرکووک دەڕفێنێت.



بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش بەرەکانی شەڕی ئەو رێکخراوە بەجێدەهێڵن، چونکە ورەیان رووخاوە و لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تووشی شکستێکی گەورە بوونەتەوە، بۆیە دەیانەوێ بە رفاندنی گەنج و مێرمنداڵان، ژمارەی چەکدارانیان زیاد بکەنەوە.



ئەو مێرمنداڵە رفێندراوانە تەمەنیان لە نێوان 12 - 16 ساڵی دایە و لە بازاڕێکی حەویجە بەرەو بارەگایەکی چەکدارانی داعش لە نێوان حەویجە و ریاز بردراون و لەوێوەش بەبێ رەزامەندیی و ئاگاداریی خۆیان، دەبرێنە بەرەکانی جەنگ.



سەرچاوەیەک لە ناوچەکەوە بە (سۆمەرییەنیوز)ی راگەیاندووە، کە زۆربەی چەکدارانی داعش لە باشووری کەرکووک، خەڵکی ناوچەکەن.



دوای شکست و هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش توانییان زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین و چەند ناوچەیەکی عەرەبنشینی باشووری کەرکووک داگیر بکەن.





باسنیوز
Top